سوپای ئەمریکا تێکشکاندنی شەش مووشەکی کرووزی حووسییەکانی راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم تێکشکاندنی 6 مووشەکی حووسییەکانی یەمەنی راگەیاند، کە بە گوتەی خۆی "بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور ئامادەکرابوون."
 
هێزە ئەمریکییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکە کاژێر 7:20 خولەکی ئەمڕۆ بووە بە کاتی سەنعا، کە هەمان کاتی هەولێرە. 
 
ئەو مووشەکانەی کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانەوە بۆردوومانکراون، لە جۆری مووشەکی کرووزی دژە کەشتی بوون، ئەمە وەک سێنتکۆم باسی دەکات. 
 
سێنتکۆم دەڵێت: "هێزەکانی ئەمریکا مووشەکە کرووزەکانیان لە ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی حووسیەکان لە یەمەن دۆزینەوە و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە هەڕەشەیەکی مسۆگەرن بۆ سەر کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە." 
 
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا، بە گوتەی سێنتکۆم، "ئازادیی دەریاگەری دەپارێزێت و رێڕەوە ئاوییەکان بۆ هێزی دەریایی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکان سەلامەتتر و پارێزراوتر دەکات."
 
ئەوە دوایینی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی ئەمریکایە بۆ سەر حووسییەکان. 
 
هەر لە رۆژی شەممە، سێنتکۆم رایگەیاندبوو کە هێزەکانیان هەشت درۆنیان لە نزیک یەمەن خستوونەتە خوارەوە و چوار درۆنی دیکەشیان لەسەر زەوی تێکشکاندووە پێش ئەوەی بهاوێژرێن. 
 
ئەمریکا کە لە چەند مانگی رابردوودا بەتەنیا و  چەند جارێکیش بە هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا ژمارەیەک هێرشی دیکەی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسیەکان، دەڵێت ئامانجیان کەمکردنەوەی توانای حووسییەکانە لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور کە رێڕەوێکی گرنگی بازرگانیی جیهانییە و 12٪ی بازرگانیی جیهانیی پێیدا دەربازدەبێت. 
 
حووسییەکان لە نێوەڕاستی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە دەستیان بە هێرشەکانیان کردووە بۆ سەر کەشتییەکانی نێو دەریای سوور و کەنداوی عەدەن؛ ئەوان دەڵێن هێرشەکانیان پشتیوانیێکن بۆ غەززە لە دژی ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیل، ئەمریکا و بەریتانیاوە هەیە.