ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق داوای وەستاندنی هەناردەی نەوت بۆ ئوردن دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

وێڕای ئەوەی سوپای ئوردن رەتیدەکاتەوە بەشداریی لە هێرشەکانی ئەمریکادا بۆ سەر عێراق کردبێت، ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراقی پڕۆژە یاسایەک پێشنیاز دەکەن بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئوردن بوەستێندرێت. 
 
میدیای ئەمریکی باسی لەوە کردبوو کە ئوردن لە هێرشەکانی شەوی هەینی بۆ سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و سووریا بەشداربووە، بەڵام فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن رەتیدەکاتەوە هێزی ئاسمانی وڵاتەکە لە هێرشەکاندا بەشداربووبێت و دەڵێت، ئەو هەواڵانە بێ بنەمان. 
 
پڕۆژە یاسایەک کە بە دەستپێشخەریی جەبار سەنەد مەریانی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەکراوە و واژۆی ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکەی لەسەرە، داوا لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات لە کۆبوونەوەی داهاتوویدا، دەنگ لەسەر بڕیارێک بدات "بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوت پابەندبکات بە وەستاندنی فرۆشتنی نەوتی خاو بە ئوردن لە ئەنجامی بەشداریکردنی ئەو وڵاتە لە دەستدرێژییەکانی ئەم دواییە لە دژی عێراق."
 
فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانیی ئوردن دەڵێت: "سوپای ئوردن رێز لە سەروەریی عێراق دەگرێت" و جەخت لە پەیوەندیی "برایانە" لەگەڵ وڵاتا نی عەرەبیدا دەکاتەوە. 
 
میدیای ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە باسی لەوە کردبوو کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئوردن لە جۆری F-16 لە هێرشەکانی ئەمریکادا بەشداربوون. 
 
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ئەو بەشداریکردنەی ئوردن وەڵامێک بووە بۆ هێرشە درۆنییەکەی 28ی کانوونی دووەم کە کرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و 3 سەربازی ئەمریکی تێیدا کوژران و 41ی دیکەش برینداربوون. 
 
سەنەد لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "پێویستە هەموو سەرچاوەکانمان بە شێوەیەکی دروست بەکاربێنین بۆ ئەوەی شکۆی وڵاتەکەمان، ژیانی پیاوانمان، سەبەرزیی خۆمان و سەروەریی نیشتمانەکەمان بپارێزین."
 
ئەمە یەکەم جار نییە لە پەرلەمانی عێراق داوای وەستاندنی هەناردەی نەوت بۆ ئوردن دەکرێت. 
 
پێشریش پەرلەمانتارێکی دیکە بە ناوی زەینەب موسەوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز، باسی لەوە کردبوو کە هەڵوێستی ئوردن بەرامبەر عێراق، بە تایبەتیش بەرامبەر حەشدی شەعبی "دوژمنکارانەیە".
 
بە گوێرەی دوایین ئامار کە لە لایەن کۆمپانیای نیشتمانیی بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڵاوکراونەتەوە، ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، عێراق نرخی ناڤنجیی یەک بەرمیل نەوتی بۆ ئوردن بە 75.5 دۆلاری ئەمریکی داناوە. 
 
بە گوێرەی رێککەوتنێکی نوێ، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن 15 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادیکردووە. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، رۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت 16 دۆلار هەرزانتر لە نرخی بازاڕ بۆ هەر بەرمیلێک بە ئوردن دەفرۆشرێت.