ئەمریکا و بەریتانیا: 36 پێگەی حووسییەکانمان بۆردوومان کردن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا و بەریتانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، 36 پێگەی حووسییەکانیان لە یەمەن بۆردوومان کردووە. بەرپرسانی حووسی هێرشەکان پشتڕاستدەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە سەنعای پایتەختی یەمەن کەوتووەتە بەر ئاگری فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، ئەمریکا و بەریتانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایان کرد کە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکانی یەمەن دەستپێکردووە و بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانی دەیان ئامانجیان کرد؛ راگەیێندراوی هاوبەشی دوو وڵاتە رۆژئاواییەکە و چەند وڵاتێکی دیکە کە پشتیوانییان لە هێرشەکە کردووە، دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانیان "لە 13 شوێنی یەمەن، 36 پێگەی حووسییەکانیان کردووەتە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان دژی هاتووچۆی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و بازرگانی و کەشتییەکانی هێزی دەریایی کە بە دەریای سووردا دەڕۆن."
لای خۆیەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە کە هەڵمەتەکە کاژێر 11:30 خولەکی شەوی شەممە بەکاتی سەنعا (هەمان کاتی هەولێر) دەستیپێکردووە.