حوسییەکان دەستیان بەسەر کەشتیێکی ئیماراتیدا گرت
رووداو دیجیتاڵ
حوسییەکانی یەمەن تۆمارێکی ڤیدیۆیی ئەو کەشتییە ئیماراتییەیان بڵاوکردەوە، کە رۆژی دووشەممە 03-10-2022 لە دەریای سووردا دەستیان بەسەرداگرت.
حوسییەکان رایانگەیاند کەشتییە بارهەڵگرە ئیماراتییەکە پڕ بووە لە کەلوپەلی سەربازی و لە نزیک بەندەری حودەیدە، دەستیان بەسەردا گرتووە، کە لە ماوەی رابردوودا، شەڕێکی دوور و درێژ لەسەر ئەو شارە لە نێوان حوسییەکان و هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعودیە کراوە و ئیماراتیش تێیدا ئەندامە.
لە ڤیدۆییەکاندا کە "میدیای شەڕ"ی حوسییەکان بڵاویکردووەتەوە، دەردەکەوێت کەشتییە ئیماراتییەکە بەلەم، بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلیی سەربازی تێدایە. هەروەها لە یەکێک لە دیمەنەکاندا ژمارەیەک چەک لە نێو کۆنتەینەرێکدا دەبینرێن.
یەحیا سەريع، گوتەبێژی حوسییەکان رایگەیاند: "تەواو روونە ئەو زانیارییەی دەیگوت کەشتییەکە نەخۆشخانەیەکی سڤیلی کاتی هەڵگرتووە، راست نییە. بە روونی دیارە ئەمانە کەلوپەلی سەربازین."
تەلەڤزیۆنی فەرمیی سعودیە ئەوەی رەتکردەوە و گوتی حوسییەکان بە دەستی خۆیان کەلوپەلە سەربازیەکانیان گواستووەتەوە بۆ سەر کەشتییەکە.
دەستبەسەرداگرتنی کەشتیی "رەوابی"ی ئیماراتی بە دوایین هێرش دادەنرێت لە دەریای سووردا کرابێت، کە رێگەیەکی گرنگی بازرگانیی نێودەوڵەتی دادەنرێت.
هەر رۆژی دووشەممە، هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە. لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە حوسییەکان بە زەبری چەک دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرتووە.
هاوپەیمانیی عەرەبی دەڵێت کەشتییەکە هەندێ کەلوپەلی پزیشكیی تێدابووە، بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو.