تورکیا و عێراق بۆ گەڕانەوەی خۆویستانەی کۆچبەران رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لەسەر پرسی کۆچ و گەڕانەوەی خۆویستانەی کۆچبەران رێککەوتن.
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2024) عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆ لە تورکیا، پێشوازی لە ئیڤان فایق جابرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرد و لەبارەی پرسی کۆچ و گەڕانەوەی خۆویستانەی کۆچبەران کۆبوونەوە.
شاندی تورکیا لە محەممەد ئاکتاش، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ؛ ئاتیللا تۆرۆس، سەرۆکی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران پێکهاتبوو. شاندی عێراق لە ماجید لەجماوی، باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە؛ سەفا حوسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆچ و کۆچبەران پێکهاتبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆی تورکیا و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، واژۆیان لەسەر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی کۆچ و گەڕانەوەی خۆویستانەی کۆچبەرانی عێراقی نیشتەجێبووی تورکیا کرد.
هەر لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەدا هەردوو وەزارەت بڕیاری هاوئاهەنگییان دا لەپێناو بەرگرتن لە کۆچی نایاسایی و پاراستنی سنوورەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر بۆ ئەم پرسە.
عەلی یەرلیکایا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند: "لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتندا، لەگەڵ لایەنی عێراقی لە بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییدا هاوئاهەنگیی دەکرێت. هیوادارم واژۆکردن لەسەر ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە ببێتە مایەی خێر بۆ وڵاتمان."
رۆژی 22ـی نیسانی 2024، شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد. سەردانەکەی ئەردۆغان لە پاش 13 ساڵ هات؛ دوایین جار کە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد لە ساڵی 2011 بوو. ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 322 هەزار کۆچبەری عێراقی (بە هەرێمی کوردستانەوە) لە تورکیا نیشتەجێن. 133 هەزاریان بەفەرمی مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان پێدراوە.