مەسعود پزیشکیان: ئیسرائیل وەڵام بداتەوە هێرشی تووندتری دەکەینەسەر
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، ئەوان بەدوای شەڕەوە نین و تەنیا دژکردەوەیان بۆ ''کوشتار''ـی ئیسرائیل هەیە، گوتیشی، ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێوارەی سێشەممە بداتەوە، تووندتر هێرشی دەکەنەوە سەر.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 02-10-2024) مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کە لەسەر بانگهێشتی میری قەتەر بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی هاوکاریی ئاسیا لە قەتەرە، لە دەوحەی پایتەختی وڵاتەکەوە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند ''ئەگەر وڵاتانی ئیسلامی پێکەوە بن، ئیسرائیل ناتوانێت بە تەنیا لە ناوچەکە درێژە بەو کوشتار و تاوانکارییانە بدات.''
پزیشکیان لەبارەی گرژییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل گوتی ''ئاسایشی ناوچەکە ئاسایشی سەرجەم موسڵمانانە و ئێمە بە هیچ شێوەیەک بە دوای شەڕ و خوێنڕشتندا نین، ئەوە ئیسرائیلە ناچارمان دەکات دژەکردەوەمان هەبێت.''
رۆژی سێشەممە کاژێر 19:30 بە کاتی هەولێر، ئێران هێرشێکی مووشەکیی کردە سەر ئیسرائیل؛ بەگوێرەی راگەیێندراوی سوپای پاسداران، هێرشەکە بە زیاتر لە 200 مووشەک کرا و 3 بنکەی سەربازی لە نزیک تەلئەڤیڤی بەئامانج گرتووە و، 90٪ـی مووشەکەکانیش ئامانجەکەیان پێکاوە.
سەرۆککۆماری ئێران گوتی، وڵاتەکەی بە دوای ئاشتەوایی و ئارامیدایە و بەدوای شەڕدا ناگەڕێ؛ گوتیشی ''هیچ وڵات و ناوچەیەک، ناتوانێت لە رێگەی شەڕەوە گەشە بکات.''
پزیشکیان لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس گوتی ''ئیسرائیل میوانی ئێمەی لە رۆژی سوێندخواردنمدا لە تاران تیرۆر کرد، [ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی] بە ئێمەیان گوت ئێوە دان بەخۆتاندا بگرن، دەمانەوێت ئاشتەوایی بێنینە ئاراوە، ئەگەر ئێوە دژکردەوە نیشان بدەن ئاشتەوایی نایەتە ئاراوە.''
بەگوتەی سەرۆککۆماری ئێران، دوای کوژرانی هەنییە، بەمەبەستی رەخساندنی ئاشتەوایی لە ناوچەکە، دانیان بەخۆیاندا گرتووە، ''بەڵام ئەو ناپیاوانە لەبری ئەوەی دەست لە کوشتار هەڵبگرن، لە غەززە و لوبنان دڕندەتر بوون.''
ئێوارەی هەینی، 27ـی ئەیلوول، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵای لوبنان لە بەیرووت و لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە، عەباس نیلفرووشان، فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی حیزبوڵڵا کوژران.
پزیشکیان دەڵێت ''ئەو کوشتارەی ئەوان لە غەززە و لوبنان کردوویانە، تاوەکو ئێستا هیچ دڕندەیەک نەیکردووە، ئێمە ناچار بووین وەڵام بدەینەوە.''
دوای هێرشە مووشەکییەکەی دوێنێی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە رایگەیاند ''ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە، هەڵەیەکی گەورەی کرد و باجەکەشی دەدات.''
پزیشکیان لە درێژەی گوتارەکەیدا هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات کە ئەگەر بیانەوێت وەڵامی هێرشە مووشەکییەکە بدەنەوە، هێرشی تووندتریان دەکەنەوە سەر، ''ئەمە شتێکە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیەوە پابەندە''.
سەرۆککۆماری ئێران داوایەکی لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا کرد و گوتی، ''بەو کەسەی لە ناوچەکە داتانناوە [ئیسرائیل] بڵێن، دەست لەو کوشتارانە هەڵبگرێت و ناوچەکە نەکاتە ناوچەیەکی نائارام کە لە بەرژەوەندیی هیچ کەس و لایەنێکدا نییە.''
دوای هێرشە مووشەکییەکە بۆ سەر ئیسرائیل، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشەکە وەڵامێک بووە بۆ کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس، حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی سوپای پاسداران لە لوبنان.