لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تاران ئەمریکا کەشتیی جەنگی لەنزیک ئێران جێگیر کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا کەشتیی جەنگیی روزڤێڵتی لە گەرووی هورمز لە نزیک ئێران جێگیر کرد، لە کاتێکدا تاران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکات بۆ تۆڵەسەندنەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کە رۆژی چوارشەممە، لە تاران کوژرا.
 
لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران، ئیسرائیل داوای یارمەتیی لە ئەمریکا کردووە.
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژە بەوە دەکات، کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە گەیشتووەتە سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا.
 
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی روونیدەکاتەوە، روزڤێڵت لەگەڵ یازدە کەشتیی دیکەی جەنگی ئێستا لە گەرووی هورمزن و نزیکەی چوار هەزار مارێنز و دەریاوانیان تێدایە.
 
هەروەها پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی باس لەوە دەکات، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، رۆژی پێنجشەممە، بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاندووە، ئەمریکا ئامادەیە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئێراندا یارمەتیی ئیسرائیل بدات، بەڵام پێی باش نییە دوای ئەوە، ئیسرائیل هێرشی زیاتر بکاتە سەر ئێران، بەڵکو دەبێت دەستبەجێ کار بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حەماس بکات، بۆئەوەی بارمتەکان ئازاد بکرێن و جەنگ لە غەززە بوەستێندرێت.
 
بایدن هەروەها هۆشداریی بە نەتەنیاهوو داوە کە زیادکردنی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوەستێنێت و دەستبەجێ هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس بدات، بە پێچەوانەوە، ئەگەر ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بکەوێتە جەنگەوە، ئەوا دەبێت چاوەڕێی یارمەتیی ئەمریکا نەکات.
 
سێنتکۆم لەبارەی جووڵەپێکردنی کەشتیی روزڤێڵتەوە دەڵێت، "جێگیرکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری روزڤێڵت لە ناوچەکە، گرنگییەکی ستراتیجیی هەیە، چونکە خزمەت بە ژمارەیەک ئامانجی سەرەکی دەکات، لەنێویاندا، بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی، دابینکردنی پشتیوانیی خێرا بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، بەهێزکردنی بەرپەرچدانەوە و سەقامگیری، یارمەتیدانی ئۆپەراسیۆنە خێراکان، ئاسانکردنی راهێنان و بەهێزکردنی هاوبەشی."
 
نێوەڕاستی نیسانی ئەم ساڵ، کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا ئێران هێرشی سەربازیی راستەوخۆی کردە سەر ئیسرائیل، ئەمریکا لە تێكشکاندنیدا یارمەتیی ئیسرائیلی دا.
 
ئەو هێرشە لە وەڵامی بۆردوومانکردنی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق و کوشتنی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانیدا هات.