بارمتەیەکی رزگاربووی دەستی حەماس بۆ نەتەنیاهوو: بەڵێ بۆ دەستپێشخەرییەکەی بایدن بکە


رووداو دیجیتاڵ 

دژایەتیی نەتانیاهوو خاڵی هاوبەشی ژمارەیەکی زۆر لەو خۆپێشاندانانەیە کە ئەم رۆژانە زیاتر لەسەر شەقامەکانی تەلئەڤیڤ دەبینرێن، چونکە رەتکردنەوەی دەستپێشخەرییەکەی بایدن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە لە لایەن نەتانیاهوو-وە، تووڕەیی خەڵکێكی زۆری لێکەوتووەتەوە.
 
یوڤال شارابی، کچی بارمتەیەکی دەستی حەماسە و خۆپێشاندان دەکات، دەڵێت: "هەریەک لەو بارمتانە گرنگن؛ دەبێت هەموویان بگەڕێندرێنەوە، نەتانیاهوو تەنیا کار بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و کەسیی خۆی دەکات."
 
شیر سیگێل، بارمتەبووە و ئێستا ئازادکراوە، ئەویش دەڵێت: "روو دەکەینە ئێوەی بڕیاربەدەست و دەڵێین ئایا بوێری ئەوەتان هەیە تەماشای نێوچاومان بکەن؟ ئەم دەرفەتە لە دەست مەدەن، بەڵێی بۆ بکەن."
 
پێچەوانەی حەماس کە رەزامەندی سەرەتایی دەربڕی، نەتانیاهوو دەستپێشخەرییەکەی بایدنی رەتکردەوە و رایگەیاند، مەرجی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، لەنێوبردنی حەماس، نەهێشتنی توانای هێرشکردنەوە سەر ئیسرائیل و گەڕانەوەی بارمتەکانە.
 
هەردوو وەزیری دارایی و ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیلیش هەڕەشەی کشانەوەیان لە حکومەت کرد، ئەگەر نەتەنیاهوو بە دەستپێشخەرییەکە رازی بێت.
 
لەلایەکی دیکەوە درێژەدان بە شەڕ، بەشێكی بەرچاوی ئیسرائیلییەکانی نیگەران کردووە.
 
بەگوێرەی دوایین راپرسی، لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماسەوە 63٪ـی ئیسرائیلییەکان لە ئاسایشی خۆیان و منداڵیان نیگەرانن؛ نزیکەی 30٪یان هەست بە زیادبوونی رقی بەرامبەر و گۆشەگیربوونیان دەکەن.
 
پالمیر، هاووڵاتیی ئیسرائیلە و دەڵێت: "دۆزەخە.. بەڕاستی دۆزەخە کاتێك دەبینیت ئەو هەموو خۆپێشاندانانە لە جیهان دژ بە ئیسرائیل دەکرێن، دادگەی نێودەوڵەتی تاوان دژ بە ئێمە وەستاوەتەوە، رقی خەڵک لە بەرامبەرمان زیاتر بووە، هەست بە گۆشەگیربوونی خۆمان دەکەم."
 
دەستپێشخەرییەکەی بایدن، هەر چوار سەرۆکانی کەمینە و زۆرینەی نێو کۆنگرێسی ئەمریکای یەکخست کە لە نامەیەکیاندا نەتانیاهوویان بانگهێشتی کۆنگرێس کردووە بۆ پێشکێشکردنی گوتارێكی تایبەت بە خستنەڕووی روانگەی ئیسرائیل تایبەت بە بەرگری لە دیموکراسی، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دامەزراندنی ئاشتییەکی دادوەرانە و بەردەوام لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.