نێچیرڤان بارزانی جەخت لە 'گرنگیی پێکەوەکارکردنی جیهانی' بۆ پاراستنی هەسارەی زەوی دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دووەم رۆژی 28ـەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا کۆپ 28، بە گوتاری سەرۆکی ئیمارات و راگەیاندنی سندووقێککی 30 ملیار دۆلاری بۆ خزمەتکردنی زەوی دەستیپێکرد.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی سەرۆک و سەرکردەی 199 وڵات و ناوچە، ئامادەی گرنگترین کۆنفرانسی کەشوهەوای جیهان بوو. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند: "دڵخۆشم کە بۆ رێوڕەسمی کردنەوەی COP28 لە دوبەیم. هەوڵی یەکگرتوو و پێکەوەکارکردنی جیهان زۆر گرنگ بۆ پاراستنی هەسارەکەمان."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستانیش لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوو. لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، مەسرور بارزانی دەڵێت: "ئەمساڵ لە کاتێکی گرنگدا کۆنفرانسی #COP28 ئەنجام دەدرێت. هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سنوورەکان ناناسێت، بۆیە دەبێت بەیەکەوە کار بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەیان."
هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراقی پێنجەم زیانمەندترین وڵاتی دەستی گۆڕانی کەشوهەوا، لە مەترسیی وشکەساڵی، بەبیابانبوون، کەمئاوی و کەمبوونەوەی رووبەری کشتوکاڵی بەدەرنییە، بۆیە دەیەوێت لە یارمەتی و دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکان سوودمەند بێت.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا بە رووداوی گوت، "ئیستا باسی ئەوە دەکرێت کە بودجەیەکی زۆر گەورە بۆ گۆڕینی کەشوهەوا تەرخان بکرێت، ئێمەش هەوڵدەدەین هەندێک لەو پارەیە بهێنینە هەرێمی کوردستان."
بە گوتەی مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزیری دارایی عێراق، حکومەتی سوودانی 6 ترلیۆن دیناری بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دیاریکردووە، کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، جیهان ساڵانە پێویستی بە 387 ملیار دۆلار هەیە بۆ ئەوەی وەک قەرەبووی وشکەساڵی، گەرما و لافاوەکان بە وڵاتان بدرێت.
لە ساڵی 2014 بڕیاردرابوو ساڵانە 100 ملیار دۆلار بۆ ئەو مەبەستە کۆبکرێتەوە، بەڵام پارەی تەرخانکراو نەگەیشتووەتە ئەو بڕە، چونکە وڵاتان لەسەر چۆنیەتیی دابەشکردن و لایەنی کارگێڕیکردنی رێکنەکەوتبوون، بەڵام لە یەکەم رۆژی ئەم کۆنفرانسەدا، نزیکەی هەموو وڵاتان رێککەوتن کە لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەستوبرد لە پڕکردنەوەی سندووقەکە بکەن و لەلایەن بانکی جیهانییەوە بەڕێوەببردرێت.