سوپای ئیسرائیل: لە کات و شوێنی خۆیدا وەڵامی هێرشەکەی ئێران دەدەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشە مووشەکییەکەی ئەمشەوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەرئەنجامی دەبێت و وەڵامی هێرشەکە دەدەنەوە.
شەوی سێشەممە 1 ئۆکتۆبەری 2024، دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێمە لە ئامادەباشییەکی بەرز داین بۆ بەرگری و هێرشبردن، خەڵکی ئیسرائیل دەپارێزین." گوتیشی "ئێمە پلانمان هەیە و لە کات و شوێنێک کە خۆمان هەڵیدەبژێرین وەڵاممان دەبێت."
ئەمشەو سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئێران بە 250 مووشەک هێرشیکردە سەر وڵاتەکەیان و لەئەنجامدا دوو کەس بە سووکی بریندار بوون.
لەدوای هێرشەکە، هەردوو وەزیرانی بەرگری ئەمریکا و ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان کرد و هەردوولا تاوتوێی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانیان بۆ سەر ئیسرائیل کرد. هەردوو لا سوور بوون لەسەر ئەوەی هێڕشەکە لێکەوتەی تووندی بۆ سەر ئێران دەبێت.
ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات سوورن لەسەری ئەوەی بەرگری لە هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە بکەن لەبەرامبەر هەر هێرشێکی ئێران و گرووپەکانی نێزیکیان.
هەرچەندە سیستمی بەرگریی ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی دایەوە، بەڵام بەشێک لە مووشەکەکان بەتایبەت لە تەلئەڤیڤ کەوتوونەتە خوارەوە.
کاژێر 8ی ئەمشەو ، سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، هێرشەکە وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان".
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر "رژێمی زایۆنی کاردانەوەی هەبێت لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکەمان، رووبەڕووی هێرشی تووند دەبێتەوە".
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە تاران کوژرا، کاتێک بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران.
رۆژی 27-9-2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، بەرپرسی دۆسیەی لوبنان سوپای پاسداران کوژران.