سوپای ئیسرائیل: ئۆپەراسیۆنەکەمان لە باشووری لوبنان بەگوێرەی پلان بەردەوامە

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشە زەوینییەکەیان بۆ سەر باشووری لوبنان "بە گوێرەی پلان" بەردەوامە. 
 
سوپاکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە)، رایگەیاندبوو هێزەکانیان دەستیان بە "ئۆپەراسیۆنی زەوینی" بۆ سەر چەند گوندێکی باشووری لوبنان دەستپێکردووە. 
 
بەرپرسێکی ئەمنیی لوبنان دەڵێت، لە شەوی رابردووەوە، ئیسرائیل لانیکەم شەش هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر باشووری بەیرووت. میدیای فەرمیی سووریاش رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی مەززێی دیمەشق، سێ کەس کوژراون و نۆی دیکە بریندار بوون. 
 
وێڕای بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، ئیسرائیل سوورە لەسەر درێژەدان بە شەڕی دژی حیزبوڵڵا و دروستکردنی ناوچەیەکی سەربازیی لەسەر سنووری لەگەڵ لوبنان راگەیاندووە. 
 
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دابوو کە هێشتا جەنگ تەواو نەبووە، تەنانەت دوای ئەوەی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل، رۆژی هەینی کوژرا، کە ئەوە گورزێکی گەورەی لە بزووتنەوە لوبنانییەکە دا.  
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سەربازەکانیان بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانی و تۆپخانە، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی کردووە بۆ سەر "گوندەکانی نزیک لە سنوور."
 
سوپاکە دەڵێت "ئەو شوێنانە هەڕەشەی راستەوخۆن بۆ سەر کۆمەڵگە ئیسرائیلییەکانی باکووری ئیسرائیل."
 
دوای راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا پەیوەندیی تەلەفۆنی بە هاوتا ئیسرائیلییەکەیەوە کرد و پشتیوانی واشنتنی بۆ "لەنێوبردنی ژێرخانی هێرشبردن بە درێژایی سنوور" دەربڕی. 
 
حیزبوڵڵا پێشتر رایگەیاندبوو، "ئەگەر ئیسرائیل بڕیاربدات بێتە نێو لوبنان، ئامادەن رووبەڕووی ببنەوە."
 
هێرشی سەر دیمەشق
 
لەگەڵ راگەیاندنی هێرشی زەوینی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ نێو لوبنان، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکیی بۆ سەر دیمەشق داوەتەوە. 
 
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی سووریا کوژرانی پێشكێشکارێکی خۆی بە ناوی سەفا ئەحمەد لە هێرشەکەدا راگەیاند. ئاژانسی ساناش رایگەیاند، لە هێرشەکەدا سێ کەس کوژراون و 9ـی دیکەش برینداربوون. 
 
سوپای ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هیچی لە بارەی هێرشە مووشەکییەکەوە نەگوتووە. 
 
لە کاتێکدا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل باشووری بەیرووتی بۆردوومان دەکرد، بەرپرسی کەمپێکی ئاوەرە فەلەستینییەکان لە باشووری لوبنان گوتی، هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆسەر کەمپی حەلوەی لە شاری سەیدا چەکدارێکی فەلەستینیی کردووەتە ئامانج. 
 
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکە بە "ماڵی کوڕی موونیر مەقدەح" کەوتووە. ئیسرائیل مەقدەح تۆمەتبار دەکات بەوەی لە لوبنان سەرکردایەتیی باڵی چەکداریی بزووتنەوەی فەتح دەکات. 
 
پێش ئەوە، حیزبوڵڵا رایگەیاندبوو، هێزەکانی ئیسرائیلی لە نزیک گوندی شتولە کردووەتە ئامانج، سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبوڵڵاش ئاماژەی بەوە کردووە، سەربازانی ئیسرائیل لەسەر سنوور بوون. 
 
حیزبوڵڵا تاوەکو ئێستا هیچ راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو هێرشە زەوینییەی ئیسرائیل باسی دەکات، نەبووە.
 
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکیش دەڵێت، دوو بەرپرسی ئیسرائیلی پێیانی راگەیاندووە، هێرشە زەوینییەکە "لە رووی کات و مەوداوە ئامانجدار و سنووردارە، بۆ ئەوە نییە باشووری لوبنانی پێ داگیربکرێت."
 
سوپای نیشتمانیی لوبنان کە بەراورد بە حیزبوڵڵا هێزێکی کەمی هەیە، بڕیاریدا "گۆڕانکاری" لە دابەشبوون و  شوێنی هێزەکانیدا بکات و لە سنوور دووریانبخاتەوە، ئەمە وەک بەرپرسێکی سوپاکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە.
 
سەرکردەکانی جیهان لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا بەردەوام داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەیان کردووە. ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "پێویستمان بە هیچ داگیرکارییەکی زەوینی نییە."
 
ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی چەند شوێنێکی بەیرووت دەکات
 
لە مانگی رابردووەوە رابردووەوە ئیسرائیل کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانیی خوێناوی کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، تەنیا رۆژی دووشەممە، 95 کەس لەو هێرشانەدا کوژراون. 
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، سوپای ئیسرائیل داوای لە خەڵکی سێ شوێنی باشووری بەیرووت کرد، ماڵەکانیان چۆڵکەن.
 
ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی "ئێوە لەبەرژەوەندی و شوێنەکانی سەر بە رێکخراوی تیرۆرستی حیزبوڵڵاوە نزیکن، پێویستە دەستبەجێ ئەو شوێنانە جێبهێڵن."
 
شەوی رابردوو، دەنگی ژمارەیەک تەقینەوەی گەورە بیستران. 
 
رۆژێک دوای ئەوەی لە 7ـی تشرینی یەکەمی پار جەنگی غەززە دەستیپێکرد، حیزبوڵڵا بە تۆپ، هاوەن و چەکی سووک دەستی بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل کرد، ئیسرائیلیش بە تۆپباران و بۆردوومان وەڵامی دەدایەوە، بەڵام لە مانگی رابردووەوە گرژییەکان بە خێراییەکی زۆر تەشەنەیان سەند و بەردەوامن.