بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوانیان رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوانیان و هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی، بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و حکومەتی ئیسرائیل گەیشتوونەتە رێککەوتن، رێککەوتنەکەش بە نێوەندگیریی قەتەربووە.
یەحیا سینوار، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لەدوای گفتوگۆکردن لەگەڵ محەممەد ئەلعیمادی، نێردەی تایبەتی قەتەر، لەگەڵ ئیسرائیل "گەیشتووینەتە رێککەوتنێکی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و کۆتاییهاتنی دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە خەڵکەکەمان".
گوتەکانی ئەو سەرکردەیەی حەماس لە بارەی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا حکومەتی ئیسرائیل لەو بارەوە هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە.
هاوکات سەرچاوەیەکی قەتەریش ئاشکرای کردووە، ئیسرائیل بە نوێنەرەکەی قەتەریان راگەیاندووە، بۆ وەستاندنی گرژیی و هێرشەکان ئامادەن گەمارۆی سەر غەززە هەڵبگرن و هەروەها سووتەمەنیش بۆ وێستگەی کارەبای ئەو کەرتە دابین بکەن.
لە ساڵی 2007 لە دوای هەڵبژاردنەکانی فەلەستین و دروستبوونی حکومەتێکی جیاواز لە کەرتی غەززە بە سەرۆکایەتیی بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیل و میسر گەمارۆیان خستووەتە سەر ئەو کەرتە، ئەوەش وایکردووە کەرتی غەززە رووبەڕووی چەندین قەیران ببێتە و بە دۆخێکی ئابووریی سەختتدا تێپەڕببێت.
ئەو لێکتێگەیشتنەی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کاتێکدایە کە لە چەند ساڵی رابردوو بە بەردەوام گرژی و هێرشکردنە سەر یەکدی لەلایەن بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و لەلایەن سوپای ئیسرائیلیشەوە بۆ سەر کەرتی غەززە هەبووە، بەتایبەتیش لە 6ـی ئابی ئەمساڵەوە هێرشەکان زیاتربوونە.