ئێران کەشتییەکی جەنگیی ناردە دەریای سوور

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئێران کەشتییەکی جەنگی ناردە دەریای سوور، ئەمەش ئەگەری هەڵکشانی گرژییەکان زیاتر دەکات. وەزیری بەرگریی بەریتانیاش دەڵێت، ئامادەن بۆ "گرتنەبەری رێکاری راستەوخۆ" لە دەریای سوور.
 
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم رۆژی دووشەممە، 1.1.2024 بڵاویکردەوە، کەشتیی جەنگیی ئەلبورزی ئێران لەڕێگەی گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەبەوە چووەتە نێو دەریای سوورەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە گرژییەکان لەو دەریایە هەڵکشاون.
 
ئاژانسەکە هۆکاری دیاریکراوی بۆ جێگیرکردنی کەشتییە جەنگییەکە نەخستەڕوو، بەڵام ئاماژەی بەوەدا، کەشتییە سەربازییەکانی ئێران لە ساڵی 2009ـەوە لەو ناوچەیە کاریان کردووە بۆ "بەرپەرچدانەوەی هێرشە چەتەگەرییەکان".
 
چوونی کەشتییە جەنگییەکەی ئێران لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی 2023، حوسییەکانی یەمەن بە درۆن و موشەک هێرشیانکردە سەر چەند کەشتییەکی بازرگانی و رایانگەیاند، هێرش دەکەنە سەر هەر کەشتییەک کە لە رێگەی دەریای سوور و بابولمەندەبەوە کاڵا بۆ ئیسرائیل بگوازێتەوە.
 
لە کاردانەوەی گرژییەکان، کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی گەشتەکانیان لە ناوچەکە راگرت و، ئەمریکا هاوپەیمانێتییەکی دەریایی نێودەوڵەتیی پێکهێنا.
 
حوسییەکان دەڵێن، هێرشەکان وەک پاڵپشتییە لە فەلەستین لە بەرامبەر هێرشی ئیسرائیل.
 
پێشتر ئەمریکا ئێرانی بەوە تۆمەتبارکردووە کە "راستەوخۆ تێوەگلاوە" لە هێرشەکانی حوسییەکان. ئێران لە بەرامبەردا تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، حوسییەکان خۆیان ئەو بڕیارەیان داوە.
 
بەپێی ژووری کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، 12٪ـی بازرگانیی جیهان لە رێگەی دەریای سوورەوە دەکرێت.
 
هەر ئەمڕۆ گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، بەریتانیا "ئامادەیە رێکاری راستەوخۆ بگرێتەبەر" دژی حوسییەکان، ئەوەش "بۆ بەرگرتن لە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئازادیی کەشتیوانی لە دەریای سوور".