قایمقامیەتی سلێمانی: ساڵی نوێ 10 نان دەبێتە هەزار دینار
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی ئاراستەی چاودێری بازرگانیی سلێمانی کردووە بۆ ئەوەی 10 نان یان 10 سەموون بکرێتە هەزار دینار.
بڕیارە مانگی کانوونی دووەم کۆبوونەوەیەک لەبارەی کێشی نانەکە بەڕێوەبچێت چونکە هێشتا ئەوە دیارینەکراوە.
نوێنەری نانەواخانەکانی سلێمانی دەڵێت، "دەبێت فەردەیەک ئارد بە 15 هەزار زیاتر نەبێت بۆ ئەوەی 10 نان بە هەزار دینار بفرۆشین."
رۆژی شەممە 30-12-2023 شوان حوسێن، سەرۆکی لیژنەی چاودێریی بازرگانی لە قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە ساڵی نوێ، قایمقامیەت، چاودێری بازرگانی و کۆمپانیای دروستکراوی دانەوێڵە کۆببنەوە و بڕیار لەبارەی کێشی نانەکە بدرێت، چونکە بڕیارەکە دراوە و جێبەجێ دەکرێت، بەڵام هێشتا دیار نییە کێشی نانەکە چەند دەبێت."
نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ فرۆشتنی 10 نان و 10 سەمونە بە هەزار دینار. بە گوتەی ئەو بەرپرسەی قایمقامیەتی سلێمانی، دوای دیاریکردنی کێشی نان دەست بە چاودێریکردنی سەموونخانە و نانەواخانەکان دەکرێت و سەرپێچیکاران سزادەدرێن.
شوان حوسێن گوتیشی، "دوای کۆبوونەوە و بڕیاردان لەسەر کێشی نانەکە قایمقامیەتی سلێمانی کاتێکی دیاریکراو دەدات بە سوموونخانەکان بۆ ئەوەی بڕیارەکە جێبەجێ بکەن، واتا راستەوخۆ دەست بە سزادانی سەرپێچیکاران ناکرێت، چونکە کاتی دەوێت و دەبێت دوو کۆمپانیای ناوخۆیی ئارد بە نرخی پاڵپشتیکراو بدەنە نانەواخانە و سەموونخانەکان."
سەرۆکی لیژنەی چاودێریی بازرگانی لە قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، "ئێستا لە بەشێک لە نانەواخانەکان هەشت نان کە کێشی 100 گرامە و لە هەندێکی دیکە شەش نان کە کێشی 130 گرامە بە هەزار دینارە، واتا هەردوو جۆر هەیە."
عوسمان فەرەج، نوێنەری نانەواخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە دوو جۆر ئارد زۆر بەکاردەهێنین ئەویش تورکیییە کە فەردەی بە 38 هەزارە و رووسییە کە ئەویش بە 32 هەزار دینارە، دەبێت 50٪ داشکاندمان بۆ بکەن بۆ ئەوەی 10 نان بکەین بە هەزار دینار، واتا ئەگەر فەردەی ئارد بە 15 هەزار دینار زیاتر پێمان بدەن ئەوە بە کەڵکی ئێمە نایەت."
بە گوتەی عوسمان فەرەج، بۆ کێشی نان دوو جۆریان پێباشە، ئەویش 10 نان بە هەزار دینار کێشی 135 گرام یاخود هەشت بەهەزار کە کێشی بە 145 گرام بێت. دەشڵێت، "چاوەڕوانین بزانین دوای راگەیاندنی بڕیارەکە چیمان بۆ دەکەن و دەتوانن چیمان بۆ دابین بکەن، ئەگەر ئاردمان بۆ دابین بکەن بەو نرخەی ئێمە دەمانەوێت ئەو کات جێبەجێ دەکەین."
لە هەرێمی کوردستان جگە لە بەشەئاردی مانگانە، ئاردی هاوردەکراوی تورکیا، رووسیا و ئێران هەیە کە گرانترینی ئاردی تورکییە.
مانگی ئاداری 2022 لە پارێزگای سلێمانی شەش نان بوو بە هەزار دینار، بەڵام کێشی لە 90 گرامەوە بۆ 100 گرام زیادیکرد ئەوەش بەهۆی گرانبوونی نرخی غاز و کارەبا و زۆریی باج و هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد بەتایبەتی ئاردی تورکی کە ئەوکات نرخی فەردەیەک ئارد لە چوار هەزار دینار بۆ 10 هەزار دینار زیادیکرد.
نرخ و کێشی نان لە هەر پارێزگایەکی کوردستان جیاوازە، لە سلێمانی و هەڵەبجە شەش نانی 100 گرامی بە هەزار دینارە و لە دهۆک چوار نان بە کێشی 150 گرام بەو نرخەیە، لە هەولێریش هەشت نان بە هەزار دینارە کە گونکەکانی 90 گرامن.