شاخەوان عەبدوڵڵا: هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کراوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کراون؛ گوتیشی، ''بۆ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووینەتەوە، وەکو یەکەم بڕگەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان دەمێنێتەوە و تێشدەپەڕێندرێت.''
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 31-10-2024، پەرلەمانی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کۆببێتەوە. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''لەسەر دانیشتنی ئەمڕۆ، سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەموو رێکارەکانی گرتووەتەبەر و هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کراون.''
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: ''داوامان لە سەرجەم فراکسیۆنەکان کردووە کە ئامادەییەکی باشیان لە دانیشتنەکەدا هەبێت، چونکە پێمانوایە ئەمە شایستەی پێکهاتەیە و دەبێ بگەڕێتەوە بۆ پێکهاتە."
سەبارەت بە دەنگدان بە بەربژێرێکی دیاریکراو. جێگری سەرۆکی پەرلەمان گوتی: "سەرجەم فراکسیۆنەکان و بەتایبەتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئازادن دەنگ بە کامە بەربژێر دەدەن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان."
لە 14ی تشرینى دووەمی 2023وە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، ئەویش بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بە لێسەندنەوەى ئەندامێتى لە محەممەد حەلبووسی، کە سەرۆکى پەرلەمان بوو. ئێستا لە قۆناخى دووەمدا، رکابەرییەکە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، لەنێوان مەحموود مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی تەقەدووم و سالم عیساوی، بەربژێری هاوپەیمانیی سیادەیە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2024، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی دەستیپێکرد کە یەکەم بڕگەی دانیشتنەکە دەنگدان بوو بە پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڵام سوننەکان نەیانهێشت پڕۆژەیاساکە دەنگی لەسەر بدرێت و دووبارە دانیشتنی پەرلەمان دواخرا.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لە پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو زەویوزارە کرد کە دەستیان بەسەردا گیراوە و گوتی: ''ئەو بابەتە بە لای ئێمەوە بابەتێکی هەستیارە، لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و کەسانی دیکەش کۆبووینەتەوە، ئەم بابەتە وەکو خۆی دەمێنێتەوە و هەر یەکەم بڕگە دەبێت [لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان] و تێشدەپەڕێندرێت.''
بڕیارە 20ـی تشرینی دووەم سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان، ژمارەیەک کێشەی سەرەکی هەن، بەتایبەتی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، کە ئەگەر چارەسەرنەکرێن، ناتوانرێت سەرژمێرییەکە لە هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانە بکرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، ''سەبارەت بە سەرژمێری هەندێک هەنگاوی باشمان ناوە، کۆبوونەوەیەک کراوە و ئەمڕۆش کۆبوونەوەیەکی دیکەی گرنگ لەسەر ئاستی باڵا لە عێراق دەکرێت، بە ئامادەبوونی ئێمە و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان''. گوتیشی، ''ئەو کۆبوونەوەیە تەواوکەری کۆبوونەوەکانی دیکەیە، داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە خەڵکی ئاوارە هەر لە شوێنی خۆیان، ئەگەر بۆ نموونە کەرکووکییەک لە سلێمانی یان هەولێر بێت، بۆ سەرژمێری لەسەر کەرکووک هەژمار بکرێت، یان ئەو خەڵکەی هاتوونەتە کەرکووک، ناویان لەسەر شارەکەی خۆیان هەژمار بکرێت.''
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، لایەنی عێراقی ''بەڵێنی ئەوەیان داوە کە داواکارییەکان جێبەجێ بکەن، ئەگەر جێبەجێش نەکرا بڕیارێکی دیکە دەدەین.''
بەشی زۆرینەی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەواو بووە. عێراق لە 1ی ئەیلولی 2024 دەستیپێکردووە و 95٪ی تەواو بووە، هەرێمی کوردستان لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێوارەی 30ی 10ی 2024 بە نزیکەیی 92٪ی گەمارۆسازی و ژمارەلێدانی تەواوکردووە.
ئەندامانی کورد لە لیژنەی باڵای سەرژمێریی داوایانکردووە، لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بەتایبەت کەرکووک، ئەوانەی لەدوای ساڵی 2014 لە کەرکووک نیشتەجێبوون جیابکرێنەوە، بۆ ئەوەی بزاندرێت کێن. تۆماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و تۆماری وەزارەتی بازرگانی بدرێنە ئەندامانی لیژنەی باڵای سەرژمێری، هەروەها لە رۆژی سەرژمێری، بژمێرەکان لە کورد، عەرەب و تورکمان پێکبێن، ئەو ناوچانەی مەسیحی لێیە ئەندامێکی ئەوان زیاد بکرێت، هاوکات سەرژمێریی ساڵی 1957 بکرێتە بنەما و بەراورد بکرێت بەو سەرژمێرییەی ئەم ساڵ.