لە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممەوە، ئاگری چوار کۆگەکەی ئالیک لە هەولێر کۆنتڕۆڵنەکراوە


رووداو دیجیتاڵ 
 
لە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممەوە، لە سنووری هەولێر، ئاگر لە چوار کۆگەی ئالیکی ئاژەڵ کەوتووەتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، "دوای شەش جار کۆنترۆڵکردنی، بەهۆی خەمساردی خاوەنەکەی، تاوەکو ئێستا [کاژێر 11:00] ئاگرەکە بەردەوامە." 
 
کاژێر 02:20ـی بەرەبەیانیی دووشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئاگر لە چوار کۆگەی بەروبوومی ئاژەڵی و ئالیک لە سنووری گوندی منارە لە ناحیەی دیبەگە لە هەولێر کەوتەوە. ئاگرەکە جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە. 
 
رۆژی سێشەممە 31-10-2023، موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی کەمتەرخەمی خاوەنی کۆگەکە، دوای شەش جار کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، دووبارە ئاگرەکە سەرهەڵدەداتەوە و  تائێستا ئاگرەکە بەردەوامە."  
 
کاروان میراودەلی گوتی: "ئەو شوێنەی ئاگرەکەی لێکەوتووەتەوە کۆمپانیایەکە، کە لە چوار کۆگەی ئالیکی ئاژەڵ پێکدێت. بە خاوەنەکەیمان گوتووە ئەو مادانەی نێو کۆگەکە دوای سێ بۆ چوار کاژێر لە کوژاندنەوەی، دووبارە گڕ دەگرنەوە، بۆیە دەبێت ئەوەی سووتاوە بە شۆفڵ بیبە دەرەوە، بەڵام لەبەر خەمساردی خۆی نەیبردووەتە دەرەوە، بۆیە ئاگرەکە دووبارە دروست دەبێتەوە." 
 
بەگوتەی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە درێژایی شەوی رابردوو دوو تیمیان لە شوێنی رووداوەکە بەجێهێشتووە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێت، "ئەگەر ئاگرەکە گەورەش نەبێت بۆ ئێمە زۆرە، چونکە دووکەڵ لە جێگەکە هەیە و دەبێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە، تائێستا زیاتر کە 120 هەزار لیتر ئاومان بەکارهێناوە، ناکرێت ئێمە ئاگر کۆنترۆڵ بکەین و خاوەنەکەی خەمساردی بکات." 
 
کاروان میراودەلی گوتی، لە چوار کۆگەکە دوو کۆگە و نیوی سووتاوە و زەرەری مادی هەیە بە گوتەی خاوەنەکەی، زیاتر لە 300 تۆن ئالیک لە کۆگەکان هەبووە کە هەر تۆنێک بە 400 هەزار دینار بووە، بەڵام پێشبینی ئەو بۆ زیانەکان زیاترە لەوەی بەرگریی شارستانی پێشبینی دەکات. دەشڵێت، "لیژنەمان هەیە و دوای بەدواداچوون زیانە مادییەکان دیاری دەکەن، چونکە جگە لە ئالیک، تراکتۆر و باڵەخانەکەش سووتاوە." 
 
سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەکەی ئاگرەکەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی: "هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە لەو چوار کۆگەیە، بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە."