شارەوانیی سلێمانی: زۆربەی گۆڕستانەکانی سلێمانی پڕبوون و جێگا نەماوە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، نزیکەی 24 گۆرستان لە سلێمانی هەن، کە هەموویان بە نزیکەی 80٪ پڕبوونەتەوە و بەهۆی نەمانی جێگای ناشتنی مردوو داوا دەکرێت مردووەکان لە گۆڕستانی نوێ بنێژن.
 
رۆژی سێشەممە، 31-10-2023 زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەناو شاری سلێمانی نزیکەی 24 گۆرستان هەن، بەڵام 80٪یان پڕبوونە و جێگایان نەماوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان کراوە، مردووەکانیان ببنە گۆڕستانی نوێ."
 
بەگوتەی گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی، ئەو گۆرستانە نوێیە چەند ساڵێکە هەیە، دەکەوێتە نزیک شاری مامۆستایان لە  رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی، بەڵام خەڵک مردووی خۆیان نەدەبردە ئەوێ، ئێستا کە گۆڕستانە کۆنەکان پڕ بوون، داوا دەکەن خەڵک مردووەکانیان لەو گۆڕستانە نوێیە بنێژن.
 
زەردەشت رەفیق دەڵێت، "گۆرستان هەیە 100٪ پڕبووەتەوە و رێگەنادرێت هیچ تەرمێکی دیکە لەوێ بنێژرێت بۆ ئەوەی گۆڕ لەسەر گۆڕ نەنێژرێت وەکو گۆڕستانەکانی، (گردی سەیوان، شێخ محەممەدی هیندی، گردی جۆگە و سەرچنار.)".
 
لەبارەی نرخی ناشتنی مردوو، گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی گوتی، "بەڵی گۆڕ هەڵکەندن لەلایەن شارەوانییەوە نرخی بۆ دیاریکراوە کە بۆ منداڵ 75 هەزار و بۆ گەورە 150 هەزار دینارە و لە گۆڕستانێک بۆ گۆڕستانێکی دیکە ناگۆڕێت و نابێت سەرپێچی بکرێت."