لێکۆڵەران لە دیداری مێری: باری دارایی و هەستی نیشتمانپەروەری رۆڵی گرنگیان لە بەرەنگاربوونەوەی پەڕگیریدا هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

دیداری مێریی ئەمساڵ لە ژێر ناونیشانی (عێراق بۆ هەمووان) ئێوارەی رۆژی دووشەممە 31-10-2022، لەسەر قەڵای هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەک پسپۆڕ و لێکۆڵەری ئەکادیمی، دەستیپێکرد. دیداری مێری بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت. 
 
گوتەی کردنەوە دیدارەکە لەلایەن د. دلاوەر عەلائەددین، سەرۆکی پەیمانگای توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست - مێری پێشکێشکرا کە تێیدا باسی لەو بیرە پەڕگیرییە کرد کە لە داعشەوە جێماوە. هەروەها ئاماژەی بەو لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونانەیان کرد کە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا کردوویانە. 
 
یەکەمین پانێڵی دیداری مێری بە ناوی "رێگریکردن لە پەڕگیری لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" لەلایەن مۆدیراتۆر مۆرتن بۆواس، پسپۆڕی لێکۆڵەر لە پەیمانگای کاروباری نێودەوڵەتیی نەرویجی بەڕێوە برا. بۆواس رۆڵی یەکێتیی ئەوروپای لە کارەکانی عێراق لەم بابەتەدا بەرز نرخاند و سوپاسی کردن. هەروەها گوتی، سێ هۆکار هەن دەبنە هۆی رێگریکردن لە دروستبوونی پەڕگیری، کە یەکەمیان بریتییە لە یەکدی قەبووڵکردنی ئایینی و پێکەوە ژیان. دووەمیان پاڵپشتیی ئەو یەکدی قەبووڵکردنەیە لەلایەن ئەو سەرکردە رەوایانەی لەلایەن خەڵکەوە بە گەندەڵ نابینرێن. سێیەمیشیان دروستبوونی متمانەی خەڵکە بەو سەرکردە ناگەندەڵانە. مۆرتن بۆواس رایگەیاند، لێرەدا خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە چۆن سوود لەم سێ فاکتەرە وەربگرین تاوەکو پەڕگیری روونەدات. 
 
کاری ئۆسلەند، پسپۆڕ لە پەیمانگای کاروباری نێودەوڵەتی نەرویجی کە زۆرترین لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانی لە وڵاتانی ئەفریقا و بەلقان بووە، گوتی: "بەپێی ئەو ئەزموونەی من هەمە، لە بابەتی پەڕگیریدا لێکچوونێکی زۆر هەیە. بۆ نموونە ئەگەر سەیری رۆژئاوای بەلقان بکەین دەبینین ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ناوچەکە کە پێشتر هاتنە عێراق تاوەکو شەڕ بۆ داعش بکەن، ئێستا رۆیشتوونەتە ئۆکراینا. دەبینین لەو ناوچانەدا ژینگەیەک هەیە تاوەکو پەڕگیرەکان تێیدا گەشە بکەن." 
 
"هەستی نیشتمانپەروەری رۆڵی لە بەرەنگاربوونەوەی پەڕگیریدا هەیە"
 
کاری ئۆسلەند دەڵێت، باری دارایی خەڵک و ئابووریی وڵات رۆڵی گرنگیان لە بەرەنگاربوونەوەی پەڕگیریدا هەیە و خۆشگوزەرانی یەکێک لە خاڵە هەرەگرنگەکانە، هەروەها هەستی نیشتمانپەروەری و پێکەوەژیانیش گرنگن بۆ رووبەڕووبەوەی پەڕگیری و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە نموونەی ئەمەمان لە بۆسنە بینی، کە چۆن هەستی نیشتمانپەروەری رۆڵی گرنگی لە بەرەنگاربوونەوەی پەڕگیریدا هەبوو. بینیمان خەڵکی سیکولار و باوەڕدار چۆن لە دژی پەڕگیرەکان یەکیان گرت. بەتایبەتی لە رۆژئاوای بەلقان هەستی نیشتمانپەروەری بووە فاکتەرێکی باش بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەڕگیری. کەواتە لێرەدا پێویستە بپرسین چین ئەو فاکتەرانەی پەڕگیری دروستدەکەن و ئەو فاکتەرانەش کە دەبنە هۆی بەرەنگاربوونەوەی پەڕگیری چین؟ زۆربەی جار ئەو دوو بابەتە تێکەڵن و دەکرێ وەکو یەک بابەت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت." 
 
"پەڕگیری پەیوەندیی بە ئابوورییەوە هەیە نەک ئایین"
 
کامەران پاڵانی، پسپۆڕ لە پەیمانگای توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست - مێری باسی لەوە کرد کە لە ساڵی 2019 دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە دروستبوونی پەڕگیری و هۆکارەکان کردووە و گوتی: "ئێمە دەمانزانی هۆکارەکان چین، بەڵام ئەوکاتە پرسیارێک هاتە پێشەوە کە وەڵامدانەوەی سەخت بوو؛ ئەویش ئەوە بوو کە بۆچی پەڕگیری لە ناوچەکانی دیکەدا رووینەدا؟ پێشتر ئەم پرسیارەمان نەکردبوو."
 
کامەران پاڵانی دەڵێت: "لە کاتی کارکردنمان لەسەر پرۆژەکە دەستمانکرد بە پرسیارکردن و بەراوردکاریمان کرد لە نێوان ئەو ناوچانەی پەڕگیری تێدابووە و ئەو ناوچانەش کە پەڕگیری لێ دروستنەبوو. سەرەتا ئەو ئەنجامەی دەستمانکەوت پێیگوتین هەموو ئەو پەڕگیرییەی دروستبووە پەیوەندیی بە ئایین و دەستوەردانی دەرەکییەوە هەبووە. بەڵام پێمانوابوو دیسانیشەوە دەبێت پرسیار بکەین و زیاتر وردببینەوە لەوەی کە بۆچی لە هەندێک ناوچەدا پەڕگیری سەریهەڵنەدا؟ لە کۆتاییدا بۆمان دەرکەوت کە ئەمە پەیوەندیی بە ئایینەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە حکومەت و حوکمدارییەوە هەیە. هەروەها پەیوەندیی بەوە هەیە کە چۆن خەڵک خۆیان لە سیاسەت و سەروەریی وڵاتەکەیاندا دەبیننەوە و چۆن سەیری حکومەتەکەیان دەکەن." 
 
"زۆربەی دەستپێشخەرییەکانی حکومەتمان بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی مزگەوت" 
 
پاڵانی ئاماژە بە بوونی بۆچوونێکی عێراقی دەکات، کە پێیوایە پەڕگیری پەیوەندیی بە ناسنامە، شوناس و نەتەوە هەیە، ئەو ئەم بۆچوونەوەی رەتکردەوە و رایگەیاند پەڕگیری پەیوەندیی بە ئابووری و باری کۆمەڵایەتییەوە هەیە. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە پێویستە سیاسەتڤانان، دامەزراوە و حکومەتەکان تێڕوانینی خۆیان بۆ پەڕگیری بگۆڕن." 
 
پاڵانی دەڵێت: "هەر لە رێی پرۆژەکەمانەوە سەیری دەستپێشخەرییەکانی حکومەتمان کرد. ئەگەر سەیری هەوڵەکانی حکومەت بکەین دەبینین زۆربەی کارەکانی لە رەهەندی ئاینییەوەیە. زیاتر هەوڵی کۆنترۆڵکردنی مزگەوت و گوتاری هەینی و کاری هاوشێوەیە. واتا هەمووی پەیوەندیی بە ئایینەوە هەیە. کەم دەستپێشخەریی وەها هەن کە پەیوەندییان بە دۆخی ئابووریییەوە هەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە ئێمە بۆمان دەرکەوتووە دروستبوونی پەڕگیری پەیوەندیی بە دەستوەردانی دەرەکی، خۆشگوزەرانی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەیە." 
 
"ئەو سەرکردە ئایینییانەی نایانەوێ خۆیان بە حکومەتەوە ببەستنەوە، لەبەر گەندەڵییانە" 
 
ئەمجەد رەشید، لێکۆڵەری باڵا لە پەیمانگەیەکی لێکۆڵینەوە لە دهۆک لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی پەڕگیری گوتی: "سەرەتا پێویستە پرسیاری ئەوە بکرێت کە دەکرێ کۆمەڵگە بەبێ حکومەت بەرەنگاری پەڕگیری ببێتەوە؟ بێگومان پێویستە کۆمەڵگە خۆڕاگر بێت، ئەم خۆڕاگرییەش پێویستی بە پشتیوانیی سەرکردەکانیش هەیە تاوەکو بتوانن لەگەڵ کۆمەڵگە کار بکەن و متمانەشیان بەیەکدی هەبێت. هەروەها بوونی رەوایەتیی سەرکردە ئایینییەکانیش گرنگە چونکە کۆمەڵگە چاویان لێدەکات." 
 
ئەمجەد رەشید ئاماژەی بەوە دا، زۆربەی ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان کردووە باس لە گرنگیی بەشداربوونی سەرکردە ئایینییەکان دەکەن لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا. 
 
سەرەڕای ئەوەش دەڵێت: ئەگەر رەخنەگرانە سەیری ئەم بابەتە بکەین، دەبینین چوار شت هەیە کە نابێت لەبیریان بکەین. دیالۆگی نێوان ئایینەکان لەسەر ئاستی بەرپرسانی باڵا دەکرێت نەک لەسەر ئاستی کۆمەڵگە. کاتێکیش قسە دەکەن بە زێدەڕۆییەوە قسە دەکەن، بەڵام جێبەجێی ناکەن. ئەو کەسانەی بەشداری لە دیالۆگی نێوان ئایینەکان دەکەن، لە شوێنی خۆشگوزەراندا دەژین نەک ئەوەی لەنێو خەڵکی ئاساییدا بن و لە کێشەکانیان تێبگەن. هەروەها ئەو رۆڵەی سەرکردە ئایینییەکان گێڕاویانە لە زۆر ناوچەدا کاریگەریی خراپی هەبووە. ئەوان بوونەتە هۆکاری ناخۆشی و نانەوەی گرفت لەنێو خەڵکی سڤیل. هەروەها لە هەندێ شوێندا بوونەتە رێگر لەبەردەم کاری رێکخراوەکان. ئەگەر سەرکردە ئایینییەکان نەیانەوێ خۆیان بە دەوڵەتەوە گرێ بدەن هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان گەندەڵن. ئەوەی ئێمە پێویستمان پێیەتی هۆشیاریی ئایینی و میکانیزمێکی کولتووری و کۆمەڵایەتییە لەپێناوی گۆڕانکاری. 
 
"دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ حکومەتەکان لەبارەی پەڕگیری ئاسان نییە"
 
ئادەم رانکیڵد، راوێژکاری یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق لەبارەی رووبەڕوونەوەی پەڕگیری رایگەیاند، پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەوە بکرێت کە بۆچی هەندێک کەس دەیانەوێت ببنە پەڕگیر و هەندێک کەسیش نایانەوێت؟ رانکیڵد هەروەها ئاماژەی بە بوونی هەڕەشەیەک لە ئەوروپا کرد و بە پەڕگیری راستڕۆ سیاسییەکان ناویبرد. 
 
رانکیڵد هەروەها ئەو شێوازی دیالۆگەی بەرز نرخاند کە لەڕێیەوە باس لە پەڕگیری دەکرێت و گوتی: "ئەو شێواز و گوتارە گرنگە بەتایبەتی کاتێک لەگەڵ حکومەتەکان باس لە پەڕگیری دەکەیت. رەنگە هەندێکجار ئەمە بە ئاسانی نەکرێت، چونکە ئەم دیالۆگە پەیوەندیی بە سیاسەتی وڵاتەکانمانەوە هەیە. بەتایبەتی کاتێک ئەو لایەنانە کە هەوڵی دروستکردنی فرەجەمسەری دەدەن و دیالۆگی دووبەرەکی دروستدەکەن و بەرژەوەندیشیان لەم جۆرە دیالۆگانەدا هەیە. ئەمە دەبێتە ئاڵنگارییەکی سەخت." 
 
راوێژکارەکەی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق هەروەها باسی لە بوونی مەترسییەک کرد کە ئەویش ئەو زمانەیە لەبارەی هەندێ ئایینەوە قسەی پێدەکەن و گوتی: "بۆی هەیە بەهۆی شێوازی دیالۆگمانەوە کارمان لە دژ بکرێت. بۆی هەیە لە دەرەوەی ئەوروپاوە وا دابنرێت کە ئێمە پێناسەی جیاوازمان بۆ پەڕگیری هەیە. بۆیە دەڵێم کە ئەم دیالۆگە زەحمەتە. بەتایبەتی ئەوانەی راوێژم پێدەکەن جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئایا پێویستە دەستەواژەی ئایینی بۆ جیهادییەکان بەکاربهێنن یان بابەتی هاوشێوە؟ ئاژانسەکانی هەواڵیش جەخت لەسەر هەمان بابەت دەکەنەوە. هەندێکجار دۆخەکە خراپتر دەبێت، بۆ نموونە خانەوادەیەک لە دانیمارک کوڕێکیان کە ناوی جیهاد بوو، ناچار بوون ناوەکەی بگۆڕن. چونکە ئەو نەیدەویست بە چاوی تیرۆرست لێی بڕوانن. ئەمە رێک ئەو بابەتەیە کە ئێمە باسی دەکەین و دەزانین لەو کۆمەڵگەیەدا پرسەکە چۆن لێی دەڕواندرێت.