کەشناسێک: بوومەلەرزە لە دهۆک رووینەداوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی روودانی بوومەلەرزە، کەشناسێک دەڵێ: ئەمشەو هیچ بوولەرزەیەک لە سنووری ئەو پارێزگایە تۆمار نەکراوە.
 
ئەمشەو 31-08-2024،  ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی و بوومەرلەزەزانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هیچ بوومەلەرزەیەک لە ناوەندەکانی بوومەلەرزەزانی تۆمارنەکراوە کە لە سنووری پارێزگای دهۆک روویدابێت."
 
پارێزگای دهۆک لەسەر هێڵی بوومەلەرزە نییە، بەڵام جارجار بوومەلەرزەی بچووک یان کاریگەری بوومەلەرزەی باکووری کوردستان و تورکیا لەوێ هەستی پێدەکرێت.
 
دوایینجار لە 3ـی شوباتی 2024 بوو بوومەلەرزەیەک لە سنووری دهۆک روویدا، کە چەقەکەی لەنێوان باکووری کوردستان و پارێزگای دهۆک بوو و لە هەردوولاوە هەستی پێکرا. بەرپرسی بەشی بوومەلەرزەزانی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی دهۆک گوتی، گوڕی بوومەلەرزەکە 4.3 پلە بووە بە پێوەری رێختەر.
 
حەمید حەسەن ئەوکات بە رووداوی گوت، کاژێر 09:09ـی بەیانی بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 7 کیلۆمەتر لەنێوان پارێزگای دهۆک و جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان روویداوە.