کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: لە چوار ساڵی رابردوودا زیاتر لە 69 هەزار کرێکار دەستەبەر کراون
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پلان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت، لە چوار ساڵی رابردوودا 69 هەزار و 264 کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە. لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیش، 14 هەزار و 755 کرێکار دەستەبەرەکەیان بۆ کراوە. بە کۆی گشتیش لەو کاتەوەی دەستەبەر بۆ کرێکاران دەکرێت زیاتر لە 138 هەزار کرێکار دەستەبەریان بۆ کراوە کە دوای خانەنشینبوونیان دەستەبەرەکانیان وەردەگرن.
رۆژی پێنجشەممە 31-08-2023 محەممەد ئەمین، بەرپرسی پلان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ساڵی 2019 تاوەکو شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، 84039 کرێکار دەستەبەریان بۆ کراوە، بە کۆی گشتی ئێستا لە هەرێمی کوردستان 138 هەزار و 92 کرێکار دەستەبەریان بۆ کراوە."
بەگوێرەی ئەو ئامارانە بێت کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی ناردووە، پار زۆرترین کرێکار دەستەبەر کراون کە 27558 کرێکار بوون. تاوەکو ئێستا زۆرترین کرێکاری دەستەبەرکراو لە پارێزگای هەولێرە کە ژمارەیان 66587 کەس بوون.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، جگە لە دەستەبەرکردنی کرێکارانی ناوخۆیی، دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی بیانیش دەکات کە هەمووی بەگوێرەی رەگەزیش جیاکراونەتەوە، کە هەر بەپێی ئامارەکان زۆرترین دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی نێوخۆیی کراوە کە زیاتر لە 96 هەزار لە رەگەزی نێر و زیاتر لە 19 هەزار لە رەگەزی مێن.
ژمارەی ئەو کرێکارە بیانییانەی کە دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە 22513 کرێکارن کە زیاتر لە 19 هەزاریان لە رەگەزی نێر و زیاتر لە دوو هەزاریان لە رەگەزی مێن.
بەرپرسی پلان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت، "ئەو کرێکارانەی کە دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ دەکرێت دوای خانەنشین بوون ئەو بڕە پارەی لێیان وەرگیراوە بۆیان خەرجدەکرێت، چونکە کرێکار وەکو هەر فەرمانبەرێکی دیکە کە کار دەکات دوای 30 ساڵ خانەنشین دەبێت و پارەی خانەنشینبوونەکەی بەگوێرەی رێژەکەی وەردەگرێت."
بە گوتەی بەرپرسی پلان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، هەر کرێکارێک بەگوێرەی مووچەکەی رێژەیەکی وەکو دەستەبەری کۆمەڵایەتی لێدەبڕدرێت، بە نموونە کرێکارمان هەیە مووچەی مانگانەی لە دەستەبەری نووسراوە 700 هەزار و هەیە نووسراوە 350 هەزار دینار، بەڵام ئێمە لە دەستەبەری کەمترین رێژە 350 هەزار دینارمان تۆمارکردووە."
محەممەد ئەمین دەڵێت، "دەکەوێتە سەر خاوەن کۆمپانیا چەند دەستەبەر بۆ کرێکارەکەی دەنووسێت، بۆ نموونە؛ هەیە مووچەی پێنج ملیۆنە و هەمووی دەنووسێت، کۆمپانیاش هەیە 350 هەزار دینار دەنووسێت، ئێمە ناتوانین زۆریان لێبکەین، تەنیا بە یەک شێواز دەتوانین بەرگری لە کرێکارەکە بکەین ئەگەر خۆی بێت و سکاڵا بکات و بڵێت مووچەم پێنج ملیۆنە و 350 نووسراوە، ئەوکات بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی بەدواداچوون دەکەین و کێشەکانی چارەسەر دەکەین."
کرێکاری دەستەبەرکراو بەگوێرەی چوار ساڵی رابردوو
ساڵی 2019:
12339
ساڵی 2020:
10856
ساڵی 2021:
18511
ساڵی 2022:
27558
کۆی گشتی: 69264
کۆی کرێکاری دەستەبەرکراو بەگوێرەی پارێزگاکان تاوەکو شەش مانگی 2023
هەولێر: 66587
سلێمانی: 50032
دهۆک: 21473
کۆی گشتی: 138092
کرێکاری دەستەبەرکراوی نێوخۆیی لە رەگەزی نێر
هەولێر: 41928
سلێمانی: 36448
دهۆک: 17881
کۆی گشتی: 96257
کرێکاری دەستەبەرکراوی نێوخۆیی لە رەگەزی مێ
هەولێر: 7025
سلێمانی: 10004
دهۆک: 2263
کۆی گشتی: 19292
کرێکاری دەستەبەرکراوی بیانی لە رەگەزی نێر
هەولێر: 15463
سلێمانی: 3103
دهۆک: 1209
کۆی گشتی: 19775
کرێکاری دەستەبەرکراوی بیانی لە رەگەزی مێ
هەولێر: 2171
سلێمانی: 447
دهۆک: 120
کۆی گشتی: 2738
پڕۆژەی دەستەبەرکراو لە چوار ساڵی رابردوو
ساڵی 2019:
1640
ساڵی 2020:
1533
ساڵی 2021:
2268
ساڵی 2022:
5316
کۆی گشتی: 10757
کۆی ئاماری خانەنشینی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان تاوەکو 2022:
هەولێر: 419
سلێمانی: 291
دهۆک: 171
کۆی گشتی: 881
ناوەوەی هەرێمی کوردستان: 702 کرێکار
دەرەوەی هەرێمی کوردستان: 179 کرێکار
بەپێی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئەگەر کرێکار دەستەبەری بۆ کرابێت، هەموو مافەکانی کارمەندی کەرتی گشتیی هەیە، وەک قەرەبوو، خانەنشینی، پێکان لەسەر کار، پاداشتی کۆتایی خزمەت و ... هتد.
لە یاسای دەستەبەریی کۆمەڵایەتیدا هاتووە: هەر کرێکارێکی ئافرەت 20 ساڵ کاری کردبێت، دەستەبەریی بۆ کرابێت و تەمەنی گەیشتبێتە 55 ساڵ و، هەر کرێکارێکی پیاو 25 ساڵ کاری کردبێت، دەستەبەریی بۆ کرابێت و تەمەنی گەیشتبێتە 60 ساڵ وەکو هەر فەرمانبەرێکی حکومەت خۆبەخۆ خانەنشین دەبن.
لە یاسای دەستەبەریی کۆمەڵایەتیدا هاتووە: هەر خاوەن کارێک لە هەشت کاژێر زیاتر کار بە کرێکارەکانی بکات، دەبێت پارەی ئەو کاتە زیادەیەیان بداتێ؛ پارەکە بۆ شەو و رۆژ جیاوازە.
ئەگەر کرێکار کاتی زیادە کاری پێکرا و پارەی ئەو زیادەکارەی نەدرایێ، دەتوانێت لە دادگەی کار سکاڵا لە خاوەن کارەکەی بکات.