تەندروستیی سلێمانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا: پێمانوایە بەهۆی سەرچاوەکانی ئاوە
رووداو – سلێمانی
تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکدا 10 هاونیشتمانیی سلێمانی، دوای ناردنی پشکنینەکانیان بۆ بەغداد، دەرکەوتووە کە تووشی پەتای کۆلێرا بوون. هۆکاری یەکەم بۆ تووشبوونەکە لای تەندروستیی سلێمانی، پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان و بەکارهێنانی ئاوی نەشیاوە بۆ خواردنەوە.
د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی گوت، "شێوازی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا بەپێی دابەشبوونی تووشبووەکان و بەپێی زۆنەکان، بۆمان دەرکەوتووە کە سەرچاوەکەی ئاوە، خەڵک زیاتر پشتی بەستووە بە سەرچاوەی نافەرمی بۆ دابینکردنی ئاو، ئێمە دڵنیا نین لە سەرچاوەکانی ئەو ئاوانە کە ئایا کۆلەرەیشنیان بۆ کراوە یاخود نا، بۆیە دڵنیا نین لە سەرچاوەی ئاوەکان، لەبەر ئەوە پێمان وایە هۆکاری بڵاوبوونەوەکە ئاوە."
رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش دەڵێت، ئەوان پێش ساڵێک هۆشدارییان داوە لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا بەهۆی پیسیی ژینگەوە.
د. نەجمەدین حەسەن، بەرپرسی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە نووسینگەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "کۆلێرا لەو وڵاتانەوە بڵاودەبێتەوە کە ژێرخانی تەندروستی رووخاوە، بە نموونە لە عێراق لەڕووی ئاو و ئاوەڕۆوە باش نییە و سیستمێکی رێکخراوی نییە، هەروەها کە پڕۆژە نیشتەجێبوونە نوێیەکان دروستدەکرێن، حساب بۆ ئاو و ئاوەڕۆ ناکرێت، بۆیە خەڵک ناچار دەبێت پەنا بۆ ئاوی تانکەر و شەمعە ببات، کە دڵنیایی تەندروستییان نییە."
70 کەسی دیکە هەر لە سلێمانییەوە پشکنینەکانیان نێردراوە بۆ تاقیگەی ناوەندی بەغدا، بەڵام تەندروستیی شارەکە بەهۆی بەپۆزەتیڤ هاتنەوەی 10 پشکنینی سەرەتا چاوەڕێی وەڵامەکە ناکات و دۆخی هۆشیاریی راگەیاندووە.
ئێستاش تووشبووەکان لەنێو نەخۆشخانەکانن بۆ چارەسەر و پلانیش دانراوە کە بەشێکی تایبەت لە نەخۆشخانەی شار تایبەت بکرێت بۆ چارەسەری تووشبووەکان.
تەندروستی داوا دەکات هاونیشتمانیان بۆ خۆپاراستنیان رێکارەکانی پاکوخاوێنی خودی بە تەواوەتی جێبەجێ بکەن و دڵنیابن لە پاکژیی سەرچاوەی ئەو ئاوەی بۆ خواردنەوە بەکاریدەهێنن.