بەهۆی دواکەوتنی مووچە بەشێکی خەڵک بە قەرز پێداویستی دەکڕن؛ 'کێشەی دەروونی و جیابوونەوە زیاد بوون'

 
رووداو - هەولێر

پەیامنێری رووداو بۆ ماوەی کاژێرێک لە دووکانی هاونیشتمانییەکی هەولێر بوو، بینی 90%ی کڕیارەکانی بە قەرز شت دەبەن و نەیاندەویست لە کامێرا رووخساریان دەرکەوێت، دوایین کڕیاری ئەو دووکاندارە خانمێکی گەڕەکەکەیان بوو، کیلۆیەک گۆشت و بڕێک خۆراکی بە بەهای 21500 دینار بە قەرز برد، ئەوەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ درەنگ هاتنی مووچە و هەژاریی خەڵک. ئەو دووکاندارە دەڵێت، 40 ملیۆن دیناری ئێستا لە قەرزە.
 
وشیار خدر، دووکانداری هەولێر دەڵێت، "دوو دەفتەرم پڕبووەتەوە تەنیا لە قەرز، هەتا مووچە دێت 200 هەزارم بۆ دێنێت، بە بەهای 500 هەزار دیناری بردووە و 300 هەزار دیناری دەمێنێتەوە، ئەو جارەی هەندێکی دیکە دەباتەوە لە سەری زیاد دەکات، قەرزەکان هەر لەسەری زیاد دەکات و هەیە ئێستا بە ملیۆن قەرزدارە."
 
مامۆستا کاوە مەعرووف لە دوایین رۆژی مانگی ئابدایە، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی تەممووز نەهاتووەتە گیرفانی و دەڵێت، "خەڵک ماندووە، خەڵک بێتاقەت و بێزارە، خەڵک چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد، خەڵک هیوا و ئاواتی ئەوە بوو کە دوای رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا پشویەک بدات و ئاسوودە بێت، ئەوەندە لەو بارە دەروونییە ناڕێک و ناخۆشە نەبێت."
 
بەپێی یاسای بودجە، ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ تەواوی ساڵی 2023 تەرخانکراوە، مانگانە 906 ملیار دینارە، بەڵام بەغدا لەدوای پەسەندکردنی یاساکە، تەنیا مووچەی مانگی حوزەیرانی ناردووە، ئەویش لەدوای چەند جارێک سەردانیکردنی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا.
 
کۆمەڵناسێک پێیوایە هەر کۆمەڵگەیەک سەقامگیریی ئابوورییەکەی لەدەستبدات، کێشەی کۆمەڵایەتی و نەخۆشیی دەروونی لە تاکەکانی روو لە زیادبوون دەکات. پارێزەرێکیش کەیسەکانی جیابوونەوە و هەڵوەشانەوەی خێزان لەم مانگەدا لەلای زیاتر بووە بەراورد بە مانگەکانی رابردوو.
 
دانا لەتیف شوانی، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمەڵناسان و دەروونناسانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا رێژەی جۆرەکانی نەخۆشییە دەروونییەکان یان لادانە دەروونییەکان لەڕاستیدا پەرەی سەندووە و زیاتر بووە. وەکو گوتمان، ئەوەش دەرهاوێشتەی ئەو قەیرانە داراییەیە لەدوای نەمانی ترووسکەی هیوا لەم سێ مانگەوە زیاتر سەریهەڵداوە."
 
یونس حەسەن، پارێزەر ئاماژە بەوە دەکات، "پار کۆتاییەکانی ساڵی 2022 من مانگی 12 بوو بە نزیکەیی داوایەکم تۆمار کرد پێش سەری ساڵ بوو، چونکە پێش سەری ساڵان داوا تۆمارکردن رادەوەستێت، داوایەکی شەرعیم تۆمار کرد کە جیابوونەوەیەک بوو، بە نزیکەیی حەوت هەزار و شتێک بوو، ئێستا مانگی ئەیلوولە و 4 مانگمان ماوە بۆ سەری ساڵ، نزیکەی 6000ن."
 
بەگوێرەی توێژینەوەکان، نادڵنیایی لە ئابووری و داهات، هۆکارە بۆ زیادبوونی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و نیشانە دەروونییەکانی دیکە.