هونەرمەندێکی کورد لە شاری ورمێ دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی کورد حوسێن چووکەڵی، دیزاینەر و نیگارکێشی خەڵکی شاری نەغەدە و دانیشتووی شاری ورمێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە شاری ورمێ دەستگیر کرا.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رۆژی دووشەممە، 31-7-2023 رایگەیاند، هونەرمەند حوسێن چووکەڵی تەمەن 28 ساڵ ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 30-7-2023 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ورمێ دەستگیرکراوە.
حوسێن چووکەڵی خەڵکی گوندی "داشدۆڕگە"ی سەر بە شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ماوەیەکە لە شاری ورمێ نیشتەجێیە و لە فێرگەیەک لەو شارە سەرقاڵی پەروەردەکردن و راهێنانی هونەری بووە.
سەبارەت بە چۆنییەتی دەستگیرکردنی ئەم هونەرمەندە کوردە، هەنگاو رایگەیاندووە: "ئەم هونەرمەندە نیگارکێش و دیزاینەرە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستگیر کراوە."
تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو هونەرمەندە و هەروەها ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ چووکەڵی، بڵاونەکراوەتەوە.
هیزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێش لەبارەی دەستگیرکردنی هونەرمەندەکە هیچ روونکردنەوەیەکیان نەداوە.