لە سەرەتای ئەمساڵەوە 300 کۆمپانیای نوێ لە سلێمانی تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
ئەمساڵ تۆمارکردنی کۆمپانیا لە سلێمانی زیادیکردووە. بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی سلێمانی دەڵێت، "لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 300 کۆمپانیایی نوێ لە سنووری سلێمانی تۆمارکراون."
سۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا تۆمارکردنی کۆمپانیا ئاسانتر کراوە و 50٪ـی کۆمپانیا تۆمارکراوەکانی ئەمساڵ لەبواری بازرگانی گشتیدان."
بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی سلێمانی گوتیشی، "لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 300 کۆمپانیای نوێ تۆمارکراون و بەراورد بە پار، تۆمارکردنی کۆمپانیا زیادیکردووە، بەجۆرێک لە ساڵی 2022ـدا 360 کۆمپانیا تۆمارکراون، بەڵام تەنیا لە پێنج مانگی یەکەمی 2023ـدا 300 کۆمپانیا تۆمارکراون."
بە گوتەی سۆران ئەحمەد، "ئەمساڵ نزیکەی 30 بۆ 40 کۆمپانیا لە سنووری سلێمانی پاکتاوکراون و کۆتاییان پێهێنراوە." دەشڵێت، "گواستنەوەی کۆمپانیا لە سلێمانییەوە بۆ ناوچەکانی دیکە زیادی نەکردووە."
لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا نزیکەی 950 کۆمپانیای بەڵێندەران لە سلێمانی مایەپووچ بوون و زۆرترین مایەپووچبوون و پاکتاوکردنی کۆمپانیا ساڵی 2022ـدا بوو کە ژمارەیان 300 کۆمپانیا بوو. بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی سلێمانی هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، پار بەهۆی بڕیارێکەوە کە کەمترین باج لەو کۆمپانیایانە وەردەگیرا کە خاوەنەکانیان بەنیازی داخستنی بوون و بەوهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر خاوەن کۆمپانیا سەرەتای ساڵی رابردوو کۆمپانیاکانیان پاکتاو کرد.