وەزارەتی کارەبا: بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوتەوە 330 مێگاوات کارەبا کەمیکردووە

 

رووداو دیجیتاڵ


گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەی گەرمیان و خورمەڵە 330 مێگاوات كارەبا كەمی كردووە، 80 مێگاواتیان لە وێستگەی گازی گەرمیان و 250 مێگاواتی دیکەش لە وێستگەی خورمەڵە.
  
رۆژی هەینی، 31-3-2023، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بڕیارەكەی دادگەی پاریس بووە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە چەند كێڵگەیەكی كوردستان و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا كەمی كرد، ئێستا لە وێستگەی كارەبا لە گەرمیان كە بە گازی كێڵگەی نەوتی حەسیرە كارەبا بەرهەمدەهێنێت، 80 مێگاوات کارەبا كەمی كردووە. لە وێستگەی خورمەڵەش لە هەولێر بڕی 250 مێگاوات كارەبا كەمی كردووە، بەمەش 330 مێگاوات لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی كەمی كردووە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "وەزارەتی كارەبا لە هەوڵدایە بە پشتبەستن بە كارەبای هایدرۆپاوەری هەردوو بەنداوی دووكان و دەربەندیخان و وێستگەكانی گازی سلێمانی و هەولێر قەرەبووی ئەو كەمبوونەوەیە بكاتەوە." 
 
رۆژی پێنجشەممە، 30-3-2023، ئەندازیار حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ماوەی دوو بۆ سێ رۆژ دوای بڕیاری راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکە، کە 100 مێگاوات بوو، بۆ 25-30 مێگاوات کەمی کردووە، واتە 70-75 مێگاوات کارەبامان کەمی کردووە، ئیدی نازانین ئەو 25 مێگاواتەی ماوە هی تانکییە یەدەگەکانە کە گازیان تێدا ماوە یان نا."
 
شەوی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو دەستەی نێوبژیوانی لە دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، تورکیا و عێراقی لە بڕیاری تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە. کاژێر 12:00ـی رۆژی هەینی، 24-03-2023، تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت، وەکو پابەندبوونێک بە بڕیاری دادگەکە، کە پشتئەستوورە بە "رێککەوتننامەی هێڵی بۆرییەکانی نەوتی خاو"ـی نێوان عێراق و تورکیا.
 
بەهۆی بڕیارەکەوە ژمارەیەک کۆمپانیا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان راگرتووە، بەهۆی نەبوونی عەمباری نەوت ناتوانرێت نەوت بەرهەمبهێنرێت.