ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە، بودجە و نەوت کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران، بودجە و هەناردەکردنەوەی نەوت کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 31-01-2024 ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەن و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆدەبێتەوە.
بڕیارە لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، بەشداریی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی لە 54ـەمین كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس بخرێتەڕوو و پوختەی كۆبوونەوەكان لەو كۆڕبەندەدا باس دەكرێت.
رۆژی دووشەممە، 15-01-2024، مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتیی شاندێک بەرەو سویسرا بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس و لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکە چەند دیدارێکی هەبوو.
لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی دواپەرەسەندنەكانی گفتوگۆی حكومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پرسی بودجە، مووچە و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیران لە بڕگەی سێیەمدا گفتوگۆ بکات لەبارەی خستنەڕووی پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، تایبەت بە دەستپێكردنەوەی گرێبەستەكانی پەیوەست بە پرۆژەكانی ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی کوردستان.
بڕگەی چوارەمیش تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر رەشنووسی كۆتایی (رێنمایی كاركردنی بیانی لە هەرێمی كوردستان)، ئەوەش دوای پێداچوونەوەی لەلایەن لیژنەیەكی وەزاری لە وەزارەتەكانی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ناوخۆ و پلاندانان.
ئەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا چارەنووسی سێ مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی 2023ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دیار نییە و تائێستا بەغدا پارەی بۆ دابەشکردنی مووچەی کانوونی دووەمی 2024 نەناردووە.