پەروین بوڵدان: ئاکپارتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئۆپەراسیۆن بۆ سەر رۆژئاوا دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەڵێت، لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، دەسەڵات بۆ بەدەستهێنانی دەنگ، ئۆپەراسیۆن بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێدەکات.
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 31ی کانوونی دووەمی 2023، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا کە سێشەممەی هەموو هەفتەیەک دەکرێت، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، دەسەڵات بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئۆپەراسیۆن دژی رۆژئاوای کوردستان دەکات.
پەروین بوڵدان گوتی: "بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئادار بەفەرمی وادەی هەڵبژاردن رابگەیێندرێت. بەهۆی ئەوەی دەسەڵات هیچ شتێکی نەماوە بەڵێن بە میللەت بدات، دەنگی پێبدەن، بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر باکووری سووریا دەستپێدەکات. ئەم رەفتارەی دەسەڵات چیدی شاراوە نییە، بەپێچەوانەوە لای هەمووان روون و ئاشکرایە.
بوڵدان راشیگەیاند: ئاکپارتی و مەهەپە-ی هاوبەشە بچووکەکەی، بڕیاری جەنگیانداوە بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان لە دەسەڵات قایم بکەن و لێرەوە لەسەر بنەمای رق و کینە دەنگ کۆبکەنەوە. بۆیە داوا لە هێز و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات، "چاوکراوەتر و هۆشیارتر بن و چیدی نەبنە ئامرازی دەستی دەسەڵات و لۆبیی جەنگ" و بەهیچ شێوەیەک پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنێک نەکرێت خوێنی تێدا بڕژێت.
سەبارەت بە بلۆککردنی بودجەی هەدەپە و رەتکردنەوەی داوای یاساییان بۆ دواخستنی بڕیاری داخستنی هەدەپە بۆ دوای هەڵبژاردن لەلایەن دادگەی دەستووریی تورکیاوە، هاوسەرۆکی هەدەپە گوتی: "دادگە بە گوشاری دەسەڵات بڕیارەکەیداوە و کەسێکیان هێناوە بەناوی شایەتحاڵی نهێنی و تۆمەتنامەیەکی 100 لاپەڕەییان ئامادەکردووە تەنیا پشتیان بە زانیاریی چەواشەکاری شایەتحاڵێکی نهێنی بەستووە. ئەو بڕیارەی دادگە قەیوومێکی سیاسییە."
هاوسەرۆکی هەدەپە باسی لەوەش کرد، دەسەڵات پێیوایە لە هەڵبژاردنێکی بێ هەدەپە دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵام خۆیشی باش دەزانێت دەنگەکانیان وەک مۆم دەتوێنەوە و چیدی ناتوانن کۆی بکەنەوە. دەسەڵات لە یاری شەترەنج بە دەستی هەدەپە (کش مەلیک) دەکرێت و کۆتایی پێدێت.