چیرۆکی ژن و مێردێک لە کەرکووک؛ ویستی لێی جیابێتەوە، ماڵی دایکی سووتاند

 
رووداو دیجیتاڵ 

ماڵێک لە گەڕەکی کوردستانی کەرکووک لەلایەن زاواکەیانەوە سوتێندرا. لە درەنگانی شەودا دوای گڕگرتنی ماڵەکەیان بە تەواوی تیمی ئاگر کوژێنەوە و پۆلیس بەهانایانەوە چوون، بەڵام هیچیان بۆ دەرنەچوو.
 
ئەمیرە و خوشکەکەی و دایکی و براکەی دوای گەڕانەوەیان لە دادگە بۆئەوەی سکاڵا لەسەر هاوژینەکەی ئەمیرە تۆمەتبار بکەن گەڕانەوە سەر ماڵە سوتاوەکەیان. 
 
ئەمیرە بڕیاری دابوو لە هاوژینەکەی جیاببێتەوە، بەگوتەی خۆی شەوی رابردوو هاتووەتە سەریان و دوای لێدان و ئەشکەنجەدانی خەڵک بەهانایەوە هاتوون و لەدەستی رزگاریان کردووە، جاری دووەم کە گەڕاوەتەوە ماڵی خەسووی لەماڵ نەبوونە بۆیە گڕی لەماڵەکەیان بەرداوە.
 
ئەمیرە سوبحی، هاوژینی تۆمەتبارەکەیە و دەڵێت: "من نامەوێ لەگەڵی بم چونکە زۆر خراپە، هی ئەوە نییە لەگەڵی بژی، لێمی دەدا و 24 کاژێر دەیخواردەوە، گوتم لەگەڵت نابم و هەموو شتێک کۆتایی هات. ئەو دەیگوت مادام تۆ دەتەوێ من تەڵاقت بدەم، دەتکوژم، رێگە نادەم بە بەختەوەری بژیت. بۆیە هات ماڵەکەمانی سووتاند، لە دەرەوەش شەڕی لەگەڵ کردین. ئێمە ئێرەمان جێهێشت. هات ماڵەکەمانی سووتاند و رۆیشت، زۆر بێ ویژدانانە ئەمەی کرد."
 
جگە لە کەلوپەلی ماڵەکەیان کە بەتەواوی سووتاوە، بەڵگەنامەکانیشیان زۆربەی لەنێوچوون و زیانیان بەرکەوتووە. 
 
تۆمەتبار کە هاوژینی کچەکەیانە، تائێستا دەستگیرنەکراوە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە. 
 
نەدا سوبحی، خوشکی ئەمیرەیە و دەڵێت: "خاوەن خانووەکە ئێستا نۆژەنکردنەوەی دەوێ، ئێمە هیچمان نییە. تەنانەت مووچەیەکیشمان نییە. ئەو برازایەم کار دەکات کە لەدایکبووی ساڵی 2006ـە. رۆژانە بە 10 هەزار دینار. 10 هەزار بدەینە کرێ، بیدەینە موەلیدە، بیدەینە خانوو، نان، بخۆین، ئاو بخۆینەوە؟"
 
بەگوتەی شایەتحاڵان، پیاوەکە لە دەرەوە و بە بەرچاوی خەڵکەوە لە هاوژینەکەی داوە، گەنج و خەڵکی گەڕەک لە کافتریایەک بوونە و پێیان قبووڵ نەکراوە و جگە لە نێوبژیوانی، لە پیاوەکەیان داوە، بەڵام جاری دووەم بەدزییەوە هاتووە بۆ سووتاندنی ماڵەکە.
 
سایب سوبحی، برای ئەمیرە دەڵێت: "هاتە ماڵەکە و چووە ژوورەوە، گوتمان عەلاوی واز لە کێشە و گرفت بهێنە. دەرچوو، لە ماڵ دەرچووین و رۆیشتین بۆ ماڵی خاڵم و گوتمان کێشە نەما. هەر گەیشتینە ماڵی خاڵم هاتبوو ماڵەکەی سووتاندبوو. پەنجەمۆری هەیە و هەڕەشەی لێدەکردین، دەیگوت دەتانکوژم و ئەوانە. هەموو بەڵگەیەک هەیە."
 
پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە و فەرمانی دادوەری بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە لایە. جگە لە تۆمەتی سووتاندنی ماڵەکە، تۆمەتی دووەم هەڕەشە و هەوڵدان بۆ کوشتنی هاوژینەکەی و کەس و کارەکەشیەتی.