سێ لیستە عەرەبییەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هاوپەیمانێتییان راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
سێ لیستە عەرەبە براوەکەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک فراکسیۆنێکی یەکگرتوویان پێکهێنا.
هاوپەیمانیی عەرەبی، هاوپەیمانیی قیادە و هاوپەیمانیی عرووبە کە لە کۆی 16 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگا فرە پێکهاتەییەکە، 6 کورسیان بەدەستهێناوە، ئەمڕۆ راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک و سەرۆکی هاوپەیمانیی عەرەبی، راگەیێندراوەکەی خوێندەوە و گوتی، "لە پێناو پاراستنی مافی دەنگدەرانمان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکان، پێکهێنانی فراکسیۆنێکی یەکگرتوو بە ناوی فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رادەگەیێنین."
18ـی کانوونی دووەم، خەڵکی عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگا کە، بە پەرلەمانی پارێزگاکان دادەنرێن، بۆ ئەوەی پارێزگار دیاریبکەن و بودجەی کەرتەکانی پەروەردە، تەندروستی و گواستنەوە بەڕێوەببەن.
لە کەرکووک، کە لەلایەن کورد، عەرەب و تورکمانەوە تووندترین رکابەریی لەسەر دەکرێت، یەکەمین جار بوو لە ماوەی هەژدە ساڵدا هەڵبژاردنەکە بکرێت.
کورد وەک براوەی یەکەم، 7 کورسی بردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی لەدەستدا، کە پێشتر لە کۆی 41 کورسی، لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2005، 26ـی بەدەستهێنابوو، ئەمە پێش ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بچووکبکرێنەوە.
لەم هەڵبژاردنەدا، دوای کورد، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کرستیانەکان 1 کورسیان بەدەستهێناوە.
بە پێی ئەنجامەکان، ئەمجارە هیچ پێکهاتەیەک بێ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ پێکهاتەیەکی دیکە، ناتوانێت پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دەوڵەمەند بە نەوتەکە دیاریبکات، لە قۆناخێکدا کە ناکۆکیی نێوانیان لە جاران زیاترن.
هەڵبژاردنەکە بۆ کورد چارەنووسساز بوو، لە کاتێکدا کە لە دوای نەمانی پێشمەرگە لە کەرکووک، رووبەڕووی تەعریب و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زارەکانیان لە لایەن عەرەبە هاوردەکان بوونەتەوە.
پێشمەرگە لە ساڵی 2014 لە کاتی هێرشی داعش و کشانەوەی سوپای عێراق، شارە زۆرینە کوردییەکەی کۆنترۆڵکرد. بەڵام دوای گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری2017، هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکان و حەشدی شەعبی گەڕانەوە شارەکە و پێشمەرگە کشایەوە.
راکان جبووری، کە لە ساڵی 2017ـەوە، پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت بەڕێوەدەبات، لەلایەن بەشێک لەلایەنە کوردستانییەکانەوە، بەتایبەت پارتی و یەکێتی، بە بەڕێوەبەردنی هەڵمەتی تەعریبی ناوچە کوردستانییەکان تۆمەتباردەکرێت.
دوو پارتە سەرەکییە کوردییەکە، یەکێتی کە 5 کورسی و پارتی کە 2ـی کورسیی بردووەتەوە، پارتە کوردییەکانی دیکە تۆمەتباردەکەن بەوەی دەنگی پێکهاتەکەیان لەو پارێزگەیەدا پەرتەوازە کردووە و سەرەنجام دەرفەتی پاراستنی زۆرینەیان لەدەستداوە.
نەوەی نوێ یەکێکە لەو پارتانە، کە بە ژمارەیەک بەربژێرەوە، 25 هەزار و 910 دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی هیچ کورسی مسۆگەر بکات.
هەڵبژاردنەکە هەروەها لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک ناکۆکی لەسەر بودجە و نەوت لە نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە سەرکردایەتیی پارتە شيعەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتیی پارتی هەیە.
لە 14 پارێزگای دیکە یەکەمین جار بوو لە ماوەی 10 ساڵدا هەڵبژاردنەکە بکرێت. دەنگدانەکە چوار پارێزگای هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە کە بڕیارە ساڵی داهاتوو، بە پێی سیستمێکی جیا، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەڵبژێرێت.
ساڵی 2019، وەک وەڵامێک بۆ داواکاریی خۆپێشاندانی تشرینییەکان، کە ناڕەزاییان دژی گەندەڵی و "شکستهێنانی حکومەت" دەربڕی، ئەنجوومەنی پارێزگەکان هەڵوەشێنرانەوە.