سوودانی بەڵێنی چارەسەری کێشەی مووچە بە مامۆستایانی ناڕازی دەدات
رووداو دیجیتاڵ
سێ نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوە و "بەڵێنی پێداون یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە و کێشەی مووچە لەو چوارچێوەیە چارەسەربکرێت." نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێت، "ماوەی مانگێکە هەوڵی ئەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ سوودانی دەدرێت و دواجار ئەمڕۆ رێکخرا و نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی یاداشتێکیان لەبارەی داواکاری مامۆستایان و وانەبێژان بە سوودانی گەیاندووە."
ئەمڕۆ شەممە، 30-12-2023 دوو نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و یاداشتێکیان لەبارەی داواکاری مامۆستایان بە سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیاندووە.
دڵشاد میرانی، نوێنەرێکی مامۆستایانی ناڕازی کە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەتەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "محەممەد شیاع سوودانی دوو بەڵێنی گرنگی پێداوین، یەکێکیان هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەیە، یەکێکی دیکە لە بەڵێنەکان کردنەوەی بانکی رەشید و رافیدەینە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان."
دڵشاد میرانی گوتیشی، "بڕیارە هەر ئەمڕۆ دوای گەیشتنمان بە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ خستنەڕووی وردەکاریی زیاتر لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی رێکبخەین و لەو کۆنگرەیە زانیاریی زیاتر دەخرێتەڕوو."
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "محەممەد شیاع سوودانی بەڵێنی داوە کێشەی مووچە لە هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، بەڵام بۆ دامەزراندنی وانەبێژان هەرچەندە باسیش کراوە، بەڵام بەڵێنێکی جدی لەبارەوە نەدراوە، چونکە دامەزراندنی وانەبێژان پەیوەستە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ناتوانێت زۆر لە هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی وانەبێژان دابمەزرێنێت."
رۆژی 13-09-2023 خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و کۆیە قوتابخانەکان نەکرانەوە و تاوەکو ئەمڕۆش بایکۆت بەردەوامە، جگە لەوەی بەشێکی پەروەردەکان دەوامی قوتابیانی پۆلی 12یان دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان، دەوامیان نەکردووە.