ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری: ئەوانەی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان سەرژمێرییان کرد، بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان داوا دەکات، ئەو هاونیشتمانییانەی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان سەرژمێرییان کردووە، بۆ قۆناخی کۆتاییش بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە. دەشڵێت، ''ئەگەر نەگەڕێنەوە، دوور نییە سەرژمێرییەکە بە ناڕاست و ناتەواو هەژمار بکرێت.''
ئەمڕۆ (شەممە 30-11-2024)، شوان جەبار، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند، ''ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان قۆناخی کۆتایی سەرژمێری بەڕێوەدەچێت و هیچ شوێنێک نەماوە کە تێیدا دەست بە قۆناخەکە نەکرابێت.''
شوان جەبار گوتی، ''بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی پرسیارەکانی سەرژمێری، هەموو رۆژێک تیمەکان لە کاژێر 08:30 خولەک دەستبەکار دەبن و تاوەکو ئەو کاتەی توانایان هەبێت و ماڵەکان فەرموویان لێبکەن، سەردانی خێزانەکان دەکەن.''
لەم قۆناخەی سەرژمێریدا 77 پرسیار لە ئەندامانی خێزانەکان دەکرێن. یاریدەدەری سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری ئاماژەی بەوەدا، ''ئەوەی کە ئەمجارە پرسیاریان لەبارەوە دەکرێت، کۆمەڵێک زانیاریی تایبەتن کە شەش بەشی سەرەکی وەکو تەندروستی، پەروەردە، کۆمەڵایەتی و ئابووری لەخۆدەگرن.''
بەگوتەی شوان جەبار، لەم قۆناخەدا تیمەکانی سەرژمێری تەنیا سەردانی ئەو شوێنانە دەکەنەوە کە شوێنی نیشتەجێبوونن، ''گرنگیی سەرژمێری، بەم قۆناخە تەواو دەبێت، واتا ئەگەر ئەم سەرژمێرییە، فۆرمی پرسیارەکانی تێدا نەبێت، بە سەرژمێرییەکی نادروست هەژمار دەکرێت".
شوان جەبار داوا لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکات، کاتی سەردانی بژمێرەکان، ''لانیکەم یەکێک لە ئەندامانی خێزان تەمەنی سەرووی 18 ساڵ لە ماڵەوە بێت، بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.''
بەشێک لە هاونیشتمانییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری جیا جیا و لە کاتی جیاوازدا ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون، بەڵام بۆ سەرژمێریی گشتیی 2024، گەڕانەوە شوێنە بنچینەییەکانی خۆیان و ناویان لەو ناوچانە تۆمار کرد.
شوان جەبار داوای لە هاونیشتمانییانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد بۆ قۆناخی کۆتایی سەرژمێریش بگەڕێنەوە شوێنە بنچینەییەکانی خۆیان.
جەختیشی لەوە کردەوە، ''ئەم قۆناخەی کۆتایی سەرژمێری زۆر گرنگە، دەکرێت تەنیا کەسێکیش لە ئەندامانی خێزان بگەڕێتەوە شوێنی بنچینەیی خۆیان، بەڵام ئەگەر بەگشتی نەگەڕێنەوە، بە دوور نییە ئەم سەرژمێرییە، بە ناڕاست و ناتەواو هەژمار بکرێت.''
وەکو یاریدەدەری سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، کاتی پڕکردنەوەی فۆرمی پرسیارەکان، پێویستە بەڵگەنامەی ئەندامانی خێزان و فۆرمی بەشەخۆراکیش بخرێتە بەردەست تیمەکان، بۆ ئەوەی زانیارییەکان پڕ بکرێنەوە.
شوان جەبار ئەوەشی خستەڕوو، لە رێگەی ئەو 77 پرسیارەوە، بواری خۆشگوزەرانی، هێڵی هەژاری و دۆخی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لە رووی کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ دیاری دەکرێن، ''ئەمەش کاریگەری لەسەر پلانی ئابووری و گەشەپێدانی وڵات دەبێت، بۆیە پێویستە بە دروستی وەڵام بدرێنەوە''.
یاریدەدەری سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی سەرژمێری دڵنیایی دەداتە خەڵک، ئەو پرسیارانەی لە فۆرمەکەدا هاتوون، ''پەیوەندییان بە باج، رسوومات، دەرخستنی بۆچوونی سیاسی و دیاریکردنی بڕی مووچەوە نییە و زانیاریی نێو وەڵامەکانیش بە تەواوی بە نهێنی دەمێننەوە''.
شوان جەبار لەبارەی پێدانی زانیاریی هەڵە بە تیمەکانی سەرژمێری یان رێگریکردن لە بەڕێوەچوونی قۆناخی کۆتایی پڕۆسەکە دەڵێت، ''بەپێی یاسای ژمارە 33ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە سەرژمێری، ئەگەر کەسێک رێگری لە پڕۆسەکە بکات، بە بەندکران و پێبژاردن سزا دەدرێت بە جۆرێک کە لە سێ ساڵ بەندکردن و پێنج ملیۆن دینار پێبژاردن زیاتر نەبێت، هەروەها سزا بۆ ئەو کەسانەش دیاری کراوە کە لە کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکاندا زانیاریی درۆ دەدەن.''
هەر ئەمڕۆ شەممە، مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 29 هەزار و 574 کارمەند دوایین قۆناخی سەرژمێری بەڕێوەدەبەن.
شوان جەبار لەبارەی خەرجکردنی مووچەی بژمێرەکان گوتی، ''ئەوانەی لە قۆناخی پێشوو بۆ مانگەکانی ئاب، ئەیلوول و تشرینی یەکەم هاوکارمان بوون، مووچەکانیان بۆ خەرجکراوە، ئەوەی کە ماوەتەوە، مانگی تشرینی دووەمە.''
بەگوتەی یاریدەدەری سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی سەرژمێری، ئەو کارمەندانەی سەرژمێری کە مانگی تشرینی دووەم کاریان لەگەڵ کردوون، ''گرێبەستی یاساییان بۆ دەکەین و بەپێی رێنماییەکانی خەرجی و ژمێریاری، لیستەکەیان بۆ دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و بەغدا دەنێردرێت، دوای پێداچوونەوەی کۆتایی، مووچەکانیان بۆ خەرج دەکرێت و ئومێد دەکەین نەگاتە ساڵی داهاتوو.''
بۆ هەر یەکێک لەو کارمەندانە، تاوەکو کۆتایی هاتنی پڕۆسەکە مانگانە 250 هەزار دینار وەکو مووچە دیاریکراوە.