نوێنەرێکی وانەبێژان دەڵێت وەکو گوشار شایستەکانیان راگیراون و وەزارەتی داراییش رەتیدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایان وانەبێژان دەڵێت، بڕیاربوو ئەمڕۆ لە سنووری سلێمانی شایستەی دارایی مانگی 9ـی وانەبێژان دابەش بکرێت، بەڵام "وەکو کارتێکی گوشار دابەشکردنی شایستەکانیان راگرتووە". لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی رایگەیاند، هیچ بڕیار و رێنماییەکی نوێ بۆ خەرجکردن یان خەرجنەکرنی شایستەی دارایی هیچ چین و توێژێکی مامۆستایان دەرنەچووە.
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان گوتی، "ئەگەر هەفتەی داهاتوو دابەشنەکرێت خۆپیشاندانەکان دەبەینە بەردەم بانکەکان و ناهێڵین کاروباری هاووڵاتییان بەڕێوەبچێت."
رۆژی پێنجشەممە 30-11-2023 کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیاربوو ئەمڕۆ لە پەروەردەی دووکان شایستەی مانگی 9ـی وانەبێژان بدرێت، تەنانەت ئاگاداریشیان بڵاوکردەوە، بەڵام دابەش نەکرا."
بەگوتەی کارۆخ عەبدوڵڵا، "لەگەڵ ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری بانکی هەرێم لە سلێمانی قسەیان کردووە، ئەویش پێیگوتوون، لەلایەن لیژنەی چاودێری دارایی و داواکاری گشتییەوە ئاگادارکراونەتەوە کە چەکەکان بکشێننەوە و مادام وانەبێژان دەوامیان نەکردووە، نابێت چەکیشیان بۆ بکرێت، بۆیە بەڕێوەبەری پەروەردەکان بەرپرسیارن لە دابەشکردنی شایستەی وانەبێژان لە سنووری پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان واتا ئەو سنوورانەی کە بایکۆتی تێدا کراوە.
کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، "لەگەڵ چەند بانکێک قسەمان کردووە و دەڵێن، دەبێت بەڕێوەبەری بانکی هەرێم لە سلێمانی فەرمانمان پێ بکات ئەوکات دەست بە دابەشکردنی شایستەکانتان دەکەین، ئێستاش دەڵێن لەگەڵ میلاک مووچەی وانەبێژان دابەشدەکرێت و دیاریش نییە کەی 700 ملیار دینارەکە بۆ ئەوان دێت.
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ پێیوایە دابەشنەکردنی شایستەکانیان "کارتی گوشارە" بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن.
بەگوتەی کارۆخ عەبدوڵڵا، لەو پەروەردانەی بایکۆت کراون مووچەی شایستەی دارایی مانگی نۆی وانەبێژان دابەشنەکراوە. کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، "یەکشەممە 3ـی کانوونی یەکەم، لە سنووری 13 پەروەردە خۆپیشاندانێکی فراوان دەکەین و ئەگەر هەفتەی داهاتوو مووچەکانمان دابەشنەکرێت خۆپیشاندانەکان دەبەینە پێش بانکەکان و ناهێڵین هیچ کاروبارێکی هاووڵاتییان بەڕێوەبچێت."
سەلاحەدین حاجی زەڵمی، نوێنەرێکی وانەبێژان لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مووچەی مانگی 9 لە هەڵەبجەش دابەشنەکراوە و هەرجارە و بیانوویەک بۆ دابەشنەکردنی دەهێنرێتەوە، سەرەتا پێمانگوترا دەوامتان نەکردووە، دواتر بیانوو ئەوە بوو کە دوادەکەوێت و ئێستا دەڵێن لەگەڵ میلاک دابەش دەکرێت."
بە گوتەی ئەو مامۆستا وانەبێژەی هەڵەبجە، "دەبێت مانگی 9 مووچەی تەواویان پێ بدرێت کە کەمترین مووچە 200 هەزار و زۆرترین 400 هەزار دینارە، بەڵام مانگەکانی 7 و 8 لەسەر نیوە دابەشدەکرێت کە کەمترینی دەبێتە 100 هەزار و زۆرترینی 200 هەزار دینارە."
لەلایەکی دیکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە چەند پەیج و دەزگایەکی راگەیاندن بەیاننامەیەک بەناوی دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ سەبارەت بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مانگی ئەیلوولی وانەبێژان بڵاوکراوەتەوە و لە چەند بەشێکی بەیاننامەکەدا وەزارەتی دارایی بەهۆکاری خەرج نەکردنی شایستەکانیان تۆمەتبار دەکەن. بۆ سەرجەم وانەبێژان و رای گشتیی روون دەکەینەوە کە؛ هیچ بڕیار و رێنماییەکی نوێ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییەوە بۆ خەرجکردن یان خەرجنەکردنی مووچە و شایستەی دارایی هیچ چین و توێژێکی مامۆستایان دەرنەچووە.
دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دووکان رایگەیاند، پێنجشەممە لە سنوورەکەیان دەست بە دابەشکردنی مووچەی وانەبێژان دەکەن، هەر ئەمڕۆ پەروەردەی دووکان رایگەیاند، "داوای لێبورودن له مامۆستایانی وانهبێژ دهكهین، بڕیار بوو ئهمڕۆ مووچەی وانهبێژان دابهش بكرێت، بهڵام لهبهر كێشهی ئیداری نهتوانرا دابهش بكرێت."
13ـی ئەیلوول خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە قوتابخانەکان نەکراونەتەوە و تاوەکو ئەمڕۆش بایکۆتی وانەبێژان و مامۆستایانی دامەزراو بەردەوامە.
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە، خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان، دەوامیان نەکردووە.
ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار مامۆستایە، پارەی مووچەی مانگانەیان نزیکەی 15 ملیار دینارە.