پۆلیسی دارستانی سلێمانی: ئەم ساڵ 90 کەس لەسەر داربڕین دراونەتە دادگە
رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی 90 کەس بە تۆمەتی داربڕینەوە دراونەتە دادگە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "هەر کەسێک داری تەڕ ببڕێتەوە، دەدرێتە دادگە."
رۆژی دووشەممە، 30-10-2023، عەمید هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم ساڵ 90 هاووڵاتی لەسەر بڕینەوەی داری دارستانەکان، رووبەرووی یاسا کراونەتەوە."
بە گوتەی عەمید هێمن کەمەرخان، هەر کەسێک بەهەر هۆکارێک داری تەڕ ببڕێتەوە، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و گوتیشی، "ئەو 90 کەسەی دراونەتە دادگە بە هۆکاری جۆراوجۆر داریان بڕیوەتەوە، بەڵام ئێمە لەسەر یەک داربڕینیش سەرپێچیکار دەستگیردەکەین و دەیدەینە دادگە."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "ئەو کەسانەی دەدرێنە دادگە، سزاکانیان بەگوێرەی تەمەنی دارەکان دەگۆڕێت. بۆ نموونە، دارێک تەمەنی 100 ساڵ زیاتر بێت، بە پێبژاردن سزا دەدرێت کە لە پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت. سەرپێچیکاری دیکەش هەیە جگە لە سزا، کەسی سەرپێچیکار داوای لێ دەکرێت نەمام بڕوێنێت و بەندکردنیش دەکەوێتە سەر دادوەرەکان کە چەند سزایان دەدات."
ئەمڕۆ لە سنووری سلێمانی پێنج دار بڕدراونەتەوە. عەمید هێمن کەمەرخان گوتی، "تەمەنی دارەکان لە نێوان 15 بۆ 20 ساڵ دەبێت و سەرپێچیکار دوای داربڕینەکە هەڵاتووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو رووداوە کراوەتەوە."