مووچەی مانگی ئابی وانەبێژان لە سنووری سلێمانی دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، ئەمڕۆ لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە مووچەی مانگی ئابی وانەبێژان دابەش دەکرێت.
رۆژی دووشەممە 30-10-2023 کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دابەشکردنی مووچە ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیش دەگرێتەوە کە "زۆرترین مووچەی وانەبێژان لە مانگەکانی تەممووز و ئاب 200 هەزار و کەمترینی 100 هەزار دینارە."
دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی وانەبێژان لەو سنوورە لە کاتێکدایە، رۆژی 18-10-2023 مووچەی وانەبێژان لە سنووری دهۆک دابەشکرا. بە گوتەی ئەو نوێنەرەی وانەبێژان، لە پەروەردەکانی هەولێریش رۆژی 25ـی مانگ مووچە دابەشکراوە.
13ی مانگی رابردوو خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە قوتابخانەکان نەکراونەتەوە. تاوەکو ئەمڕۆش لە هەندێک شوێن بایکۆت بەردەوامە و وانەبێژان و مامۆستایانی میلاک ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان 35 هەزار و 543 وانەبێژە؛ بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە؛ کە مووچەی هەر وانەبێژێک بەگوێرەی بڕوانامەکەی لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار دینارە.