رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان داوای لێبووردن لە دەنگدەرانیان دەکات؛ 'جارێکی دیکە بەشداری لە حکومەت ناکەین'
رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە وەکالەت لە پەیامێکدا داوا لە دەنگدەرانی گۆڕان دەکات، هەلێکی دیکەیان پێبدەن و ئەمجارە ئەنجام هەر چۆنێک بێت بەشداری حکومەت ناکەن.
رۆژی دووشەممە، 30ی ئەیلوول دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان یەکەمین پەیامی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی هۆکارەکانی پاشەکشێی بزووتنەوەکەی دەکات و داوا لە دەنگدەرانی گۆڕان دەکات، کە هەلێکی دیکەیان پێ بدەن، بۆ ئەوەی گۆڕان بگەڕێننەوە ئاستی جاران و بتوانێت گۆڕانکاری بکات.
دانا ئەحمەد مەجید ئاماژە بەوە دەکات، کە لە رابردوودا بەشداریکردنیان لە حکومەت بۆ ئەوە بووە لە رێگەی خەباتی ئۆپۆزیسیۆنەوە بۆیان ئەنجام نەدراوە، لە رێگەی بەشداریکردنیان لە حکومەتدا خزمەتی هاونیشتمانییان بکەن و دەڵێت: ''حوکمڕانییەک کە دەسەڵاتەکانی یاسادان و دادوەری و جێبەجێکردن تێدا سەربەخۆ و لە یەکتری جودابن، حوکمڕانییەک کە هێزە چەکدارەکان لە ژێر چەتری هێزێكی نیشتمانی و نیزامی کۆبکاتەوە و دیاردەی هێزی چەکداری و حیزبی کۆتایی بێت، بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە وەکو یەکەمین و گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن هەموو رێگەیەکی مەدەنیانە و ئاشتیخوازانەمان گرتەبەر''.
هەر لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "دواجار ئەو بەشداریکردنە بە زیانی گۆڕان و ئۆپۆزیسیۆن و خەڵک شکایەوە، لەو ناوەندەشدا پاشەکشێی بزووتنەوەی گۆڕان و بە کەمبوونەوەی متمانە و دەنگی لە ناو خەڵک بە گشتی و گۆڕانخوازان و دەنگدەرانی گۆڕان بە تایبەتی بە دوای خۆیدا هێنا، هاوکات ژمارەیەک کارەکتەر و سەرکردەی دیار و هەڵسوڕاو و دڵسۆزەکانی گۆڕان دوورکەوتنەوە''.
بەهۆی بەشداریکردنیان لە حکومەت دانا ئەحمەد مەجید داوای لێبووردنی لە گۆڕانخوازن کرد و گوتی '' گۆڕانخوازانی بە هەڵوێست ئێمە لە کاتێکدا بە چاوی رەخنە سەیری ئەو ساڵانە دەکەین کە بەشداریمان لە حکومەتدا کرد، بە ئەزموونێکی ناسەرکەوتووی لە قەڵەم دەدەین، هەر بۆیە لەبەرامبەر ئەو هەڵە و کەموکوڕییانە کە ئەنجامدراوە، کە بووەتە مایەی دڵساردی دەنگدەرانی بزووتنەوەی گۆڕان داوای لێبووردن دەکەین.''
لەلایەکی دیکەوە دانا ئەحمەد مەجید بەڵێن دەدات کە "لاپەڕەیەکی نوێ و بەخۆداچوونەوە" دەستپێدەکەن بۆ دووبارە بەهێزکردنەوەی گۆڕان و باس لەوە دەکات: ''بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان هەوڵدەدەینەوە و بە خۆداچوونەوەیەکی قووڵ و گشتگیر لەناوخۆمان دەستپێدەکەین، بەو هیوایەی بە پشتیوانی هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان بتوانین گۆڕان لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێم و عێراقدا بگەڕێنینەوە پێگەی شایستەی خۆی''.
رێکخەری گشتی دەڵێت، گۆڕان دەنگ بهێنێت و ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت جارێکی دیکە بەشداری لە حکومەتدا ناکەن، تاوەکو دەبنە زۆرینەی پەرلەمانی و دەڵێت ''هەوڵی ئێمە بۆ گەڕاندنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و بۆ بینینی رۆڵی شایستەی خۆی لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆندا بەتایبەت لە رێگەی بەشداری هەڵبژاردن و ململانێی دیموکراسی خزمەتی خەڵک بکەین، بەشێوەیەک ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت بەشداری لە حکومەتدا نەکەین، تا ئەو کاتەی زۆرینەی پەرلەمانی پێکدەهێنین، هەروەها لە پێگەی ئۆپۆزیسیۆنی خۆمانەوە شەڕی مەدەنیانەی خۆمان لەپێناوی بەرژەوەندی گشتی و ماف و ئازادییەکانی هاونیشتمانیان دەکەین''.
هەروەها لە پەیامەکەیدا، دانا ئەحمەد مەجید داوا لەو سەرکردە و "گۆڕانخوازان" دەکات کە دوورکەوتوونەتەوە هەلێکی دیکەیان پێ بدەن و گوتی: ''بۆیە داواتان لێدەکەین بە تایبەت ئەو سەرکردە و هاوڕێیانەی لەماوەی رابردوودا بەهەر هۆکارێک لە هۆکارەکان لێمان دوورکەوتوونەتەوە، لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان هەلێکی دیکەمان پێ بدەن و بزووتنەوەکەتان بخەنەوە سەر نەخشەی هێز و کاریگەری لەپرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراقدا''.
رۆژی شەممە ، دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆران دانرا، تا ئەوکاتەی کۆنگرە دەکرێت.