بەرپرسیار؛ پێنج ساڵە کرێی خوێندنی کەسوکاری زیندانیانی سیاسی خەرج نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
لە 2019ـەوە کرێی خوێندنی کەسوکاری زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە. سەرۆکی کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکان، بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان بە هۆکاری سەرەکیی خەرجنەکردنی پارە دادەنێت. وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان کێشەکەی گەیاندووەتە ئەنجوومەنی وەزیران و لە هەوڵی چارەسەر دایە.
لە یاسای ژمارە 11 ی ساڵی 2011 یاسای ئیمتیازاتی زیندانیکراو و گیراوی سیاسی کوردستانی، لە مادەی شەشەم، بڕگەی پێنجدا هاتووە: حكومهت تێچووی خوێندنی خۆی یان یهكێك له منداڵهكانی له یهكێك لهزانكۆكانی ناو ههرێم له ئهستۆ دهگرێت.
سەرۆکی کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکان، بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات و بە هۆکاری خەرجنەکردنی پارەکەی دەزانێت.
بەهائەدین عەزیز، سەرۆکی کۆمکارەکە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "جیاوازی دەکرێ لەنێوان زیندانیانی سیاسیی شارەکان، هەرچەندە فەرمانی خەرجکردنی پارە هەیە، بەڵام بانک خەرجی ناکات."
لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر خەرجکردنی کرێی خوێندنی ساڵی 2019 دا، بەشێکی پارەکە خەرجکرا و بەشێکیشی تاوەکو ئێستا نەدراوە.
بەپێی یاسا حکومەت تەنیا کرێی خوێندنی زیندانییە سیاسییەکە خۆی یان یەک منداڵی خەرج دەکات. رەمەزان حەمەساڵح، زیندانیکراوێکی سیاسییە و چوار قوتابی لە ماڵ هەن و لە 2017ـەوە هیچ بڕەپارەیەک بۆ خوێندنی یەکێک لە منداڵەکانی خەرج نەکراوە.
رەمەزان حەمە ساڵح، لە بەرپرسیار، گوتی: "کرێی ساڵانەی خوێندنی یەکێک لە منداڵەکانم سێ ملیۆن و 700 هەزار دینارە، حەوت ساڵە هیچ چەکێکی بانکیم بۆ نەکراوە. بژێوی زیندانیە سیاسییەکان خراپە و نیوەیان لە خانووی کرێ دەژین."
مامۆستا سەباح و مامۆستا عەبدوڵڵا دوو ئەندامی کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکانن، کە چەند ساڵێکی تەمەنیان لە ژێر زیندانی ئەبو غرێب بەسەربردووە ، لە 2019ـەوە لە یەک لە مافەکانیان وەک زیندانێکی سیاسی بێبەش بوونە ئەویش خەرجکردنی کرێی خوێندنی منداڵەکانیانە لە زانکۆیەکی تایبەت. کرێی خوێندنی منداڵەکەی مامۆستا سەباح ساڵانە 4 هەزار دۆلار بووە و حکومەت پارەی 3 ساڵی داوە.
سەباح مەولوود، بە رووداوی گوت: " 2019 تاوەکو 2024 هیچ کەس پارەی وەرنەگرتووە."
عەبدوڵڵا حەسەنیش گوتی: "هەتا ئێستا چوار بۆ پێنج ساڵە تەنیا یەک ساڵیان بۆ خەرجکردووین. کێشەمان لەگەڵ بانکە بازرگانییەکەیە، لەبەر چ نایدات من نازانم بەڕاستی سەیرمان پێدێت تاوەکو ئێستا 8 مانگە ئێمە دەهێنن و دەبەن."
بەگوتەی وەزارەتی شەهیدان ئەو بەشە پارەیەی ساڵی 2019 کە ماوە و کێشەی لەسەرە، بڕەکەی 6 ملیار دینارە.
ئەحمەد مام رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری کەسوکاری شەهیدان و زیندانیکراوانی سیاسی لە وەزارەتی شەهیدان، لە بەرپرسیار، گوتی: "لە 2022 ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی رەزامەندیی خەرجکردنی پارەکەیان داوە، بەڵام ئەو بەڕێوەبەرە گشتیەی کە ئێستا هاتووە وەڵامی تەلەفۆنیش ناداتەوە، بۆیە کاروبارەکان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. کێشەکەم گەیاندووەتە ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بەڵێنی بەدواداچوونی کێشەکەی دا."
ئەحمەد مام رەسوول، بەردەوامی کێشەکەی بە "پێشێلکاریی یاسا" و "پێشێلکردنی مافی زیندانییە سیاسییەکان" ناوبرد و گوتی: "ناکرێ فەرمان هەبێ و جێبەجێ نەکرێ، دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران لێپرسینەوە لەو بابەتە بکات."
نزیکەی 26 هەزار زیندانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەن 5 هەزار خوێندکار و قوتابیش تۆمارکراون لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان کە کرێی خوێندنیان لە ئەستۆی حکومەتە.