کۆچی رەوەندەکانی دێرسیم لە کوێستانەکان بەرەو گوندەکانیان دەستیپێکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای دێرسیمی باکووری کوردستان کۆچی گەورەی مەڕداران لە کوێستانەکانەوە بەرەو گوندەکانیان دەستیپێکردووە. لە پارێزگاکە نزیکەی 450 هەزار مەڕ و ماڵات هەیە.
 
مەڕدارانی پارێزگای دێرسیم لە هەلومەرجێکی سەختدا کار دەکەن. بەشێكی مەڕداران گلەییان لە سەربازگەکانی ناوچەکە هەیە و دەڵێن، لەکاتی چوون و هاتندا زۆر رایاندەگرن.
 
مەڕداران لەگەڵ کازیوەی بەربەیان لە خەو هەڵدەستن و دەست بە کارکردن دەکەن. ئافرەتان دوای دۆشینی مەڕەکان ماست و پەنیر دروستدەکەن. پیاوانیش مەڕەکان دەلەوەڕێنن و چاودێرییان دەکەن.
 
ئەوان لە ماوەی مانەوەیاندا لە کوێستانەکاندا، ئەو شیر و پەنیر و بەرهەمانەی بەرهەمیان دەهێنن، لە رێگەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە دەیانگەیێنن بە هاونیشتمانیان.
 
لە باکووری کوردستان ساڵانە وەرزی کۆچکردن بەرەو کوێستانەکان لە مانگی مایس دەستپێدەکات و لە مانگی ئەیلوول کۆتایی دێت. مەڕدارانی باکووری کوردستان لە کوێستانەکانی قەرس، ئەردەخان، ئەرزەڕۆم، دێرسیم و چەوالیگ بۆ ماوەی پێنج مانگ دەمێننەوە و بەر لە هاتنی وەرزی زستانیش دەست بە کۆچی پێچەوانە دەکەن.