بارۆی ئامەد: خۆڕانەگری بەرامبەر بە زمانی کوردی قبووڵ ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
بارۆی ئامەد "سەندیکای پارێزەران" بەیاننامەیەکی لەبارەی گرتەی ڤیدیۆیی ژنە پارێزەرێک بڵاوکردەوە کە رۆژێک پێشتر مەشقەکەی تەواو کرد و سەرەتا دەقی سوێندخواردنەکەی بە زمانی کوردی و دواتر بە زمانی تورکی خوێندەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگیدایەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئاب، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی سوێندخواردنەکەی خانمە پارێزەر بەرماڵ یڵدەنیز بە زمانی کوردی، رایگەیاند، "خۆڕانەگری بەرامبەر بە زمانی کوردی قبووڵ ناکەین".
ئاماژەی بەوەدا، "هاوپیشەکەمان کە لە 28ی ئاب مەشقەکەی تەواوکردووە، بە خوێندنەوەی دەقی سوێند سەرەتا بە زمانی کوردی و دواتر بە زمانی تورکی. وەک ئەوەی لە مادەی 9ی یاسای پارێزەراندا رێکخراوە ساڵانێکە لە رێوڕەسمی سوێندخواردندا هاوکارەکانمان لەسەر ویستی خۆیان بە هەردوو زمان سوێندخواردنی یاساییان خوێندووەتەوە، بەڵام لە دوایین رێوڕەسمدا بابەتەکە لە چوارچێوەی خۆی دەرهێنراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشی رق و کینە و رەگەزپەرستانە کراوەتە سەر هاوکارەکەمان و سەندیکاکەمان، بەو تێڕوانینەی کە لە رێوڕەسمەکەدا تەنیا بە زمانی کوردی سوێندی خواردووە".
لە تورکیا سنووردارکردن و جیاکاری لە دژی بەکارهێنانی زمانی کوردی ساڵانێکە بەردەوامە. بارۆی ئامەد دەڵێ: "پێمان خۆشە لەگەڵ رای گشتیدا باس لەوە بکەین کە هێرشە رەگەزپەرستی و رق و کینەییەکان لە دژی هاوکارەکانمان شەرمەزار بکەین و خۆڕانەگری بەرامبەر بە زمانی کوردی قبووڵ ناکەین".
28ـی ئاب، خانمە پارێزەرێکی کورد بە ناوی بەرماڵ یڵدەنیز، سوێندی یاسایی سەرەتا بە زمانی کوردی و دواتریش بە زمانی تورکی خوێند. ئەمە کاردانەوەی لێکەوتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە گرتەی سوێندخواردنەکەی تەنیا بە زمانی کوردی بڵاوکرایەوە.