بەرگریی شارستانیی هەولێر: ئاگرەکەی 120 مەتری کۆنترۆڵ کرا و کارگەکە بە تەواوی سووتا


رووداو دیجیتاڵ

ئەفسەرێکی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، کاژێر 1:00ـی بەرەبەیان ئاگرێک لە کارگەیەکی دارتاشی لە گەڕەکی عەدالە کەوتەوە و دەوروبەری کاژێر 3:15ـی بەرەبەیان کۆنترۆڵ کرا، بەڵام هەموو کارگەکە سووتاوە و خاوەنەکەی زیانێکی مادیی زۆری کردووە.

رۆژی چوارشەممە، 30-08-2023، شێخ کافی عەبدولقادر، ئەفسەر لە ژووری ئۆپەراسیۆن لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارگەکە بە دیاریکراوی دەکەوێتە گەڕەکی عەدالە؛ دەوروبەری کاژێر 1:00ـی بەرەبەیان ئاگاداریان کردینەوە کە کارگەکە گڕی گرتووە و تیمەکانمان رۆیشتنە شوێنی رووداوەکە و کاژێر 3:15 ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا. ئاگرەکە درەنگ کۆنترۆڵکرا، چونکە هەمووی دار بوو."
 
بە گوتەی شێخ کافی عەبدولقادر، کارگەکە تایبەت بە دارتاشی بووە و شوێنی دروستکردنی کەرەستەی نێوماڵ بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو ئەو کارگەیە کۆگەیەک هەبووە و هەمووی ئاگری گرتووە. 

 

 
 
لەبارەی زیانە گیانی و مادییەکان، ئەو ئەفسەرەی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی، زیانی گیانی نەبووە، بەڵام کارگەکە هەمووی سووتاوە و زیانی مادیی زۆریان کردووە، دوای لێکۆڵینەوە بە دیاریکراویش زیانە مادییەکان دیاری دەکرێن.
 
لەبارەی هۆکاری ئاگرەکە، شێخ کافی عەبدولقادر دەڵێت، "تاوەکو ئێستا دیار نییە. تیمەکانمان لەوێن. سەیری کامێراکان دەکەن بۆ ئەوەی بزانن هۆکاری ئاگرەکە چی بووە."