سێ هاونیشتمانی بە تۆمەتی 'ئەندامێتیی پەکەکە' لە ئامەدی باکووری کوردستان خرانە زیندانەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری دادگەی ئامەد، لە کۆی پێنج هاونیشتمانی کە ئەندامی یەک خێزانن و لەلایەن سەربازانی سوپای تورکیاوە دوای ئەشکەنجەدانیان دەستبەسەرکران، دووانیان ئازادکران و سێ کەسیان بە تۆمەتی "ئەندامێتیی پەکەکە" خرانە زیندانەوە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 29ـی ئابی 2023، هەریەکە لە (س.د) و (هـ.د) کە تەمەنیان 24 ساڵە، (ه.د)ـی تەمەن 28 ساڵ، (م.س) ـی تەمەن 45 ساڵ لەگەڵ (ر. د)ـی تەمەن 54 ساڵ برانە دادگە.
ئەو هاونیشتمانییانە رۆژی 26ـی ئاب لە نزیک گوندی بامەیدان سەر بە شارۆچکەی فارقین لە پارێزگای ئامەد، دوای شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا دەستبەسەرکران.
بە بڕیاری دادگەی ئامەد، هەریەک لە (ر. د)ـی تەمەن 54 ساڵ و (م.س) ـی تەمەن 45 ساڵ ئازادکران و سێ کەسەکەی دیکەش بە تۆمەتی "ئەندامێتیی پەکەکە" خرانە زیندانەوە.
رۆژی 26ـی ئابی 2023، لە نزیک گوندی بامەیدان سەر بە شارۆچکەی فارقین، شەڕ لەنێوان سەربازانی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە روویدا و لە ئەنجامدا سێ گەریلا گیانیان لەدەستدا.
دوای شەڕەکە سەربازەکان گوندەکەیان گەمارۆ دا و پێنج هاونیشتمانییان ئەشکەنجە دا کە منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵ و ژنێک و سێ پیاو بوون و، دواتر دەستبەسەریان کردن و بردیانن بۆ فەرماندەیی جەندرمەی فارقین. دوای ماوەیەک سەربازەکان "د. د." ـی تەمەن نۆ ساڵیان رادەستی کەسوکاری کرد.
هەریەک لە (س.د) و (هـ.د) کە تەمەنیان 24 ساڵە، (هـ.د)ـی تەمەن 28 ساڵ، (م.س) ـی تەمەن 45 ساڵ لەگەڵ (ر. د)ـی تەمەن 54 ساڵ کە دوای بیستنی هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی خێزانەکەی لە ئێلیهـ ـەوە چووە گوندەکەی لە فارقین، دەستبەسەرکران و رەوانەی فەرماندەیی جەندرمەی ئامەد کران.
وێنەی ئەو هاووڵاتییە دەستگیرکراوانە لە ئەکاونتی @vatanbekcilire بڵاوکراویەوە، کە ئەکاونتێکە هەواڵی سەربازی بڵاودەکاتەوە.
لە وێنەکەدا دوو پیاو دەبینرێن کە تەنیا جلی ژێرەوەیان لەبەردایە و لەبەردەم زرێپۆشێکی سەربازیدا لەسەر زەوی پاڵخراون و دەستیان لە پشتەوە بەستراوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی 26ـی ئابی 2023 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسیش دەستگیر کراون.