دارستانەکانی پارێزگای دێرسیم 14 رۆژە دەسووتێن
رووداو دیجیتاڵ
لە چەند ناوچەیەکی چوار پارێزگای باکووری کوردستان دارستانەکان دەسووتێن؛ لە هەندێک ناوچەشدا بە هۆکاری ئەمنی رێگە بە کوژاندنەوەی ئاگرەکان نادرێ.
لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، ماوەی 14 رۆژە ئاگری دارستانەکانی شارۆچکەی خۆزات کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
رۆژی یەکشەممە 29ی ئاب لە 13یەمین رۆژی سووتانی دارستانەکانی شارۆچکەی خۆزاتدا بۆ یەکەمینجار لەڕێگەی دوو هێلیکۆپتەر و فڕۆکەیەکی ئاگرکوژێنەوە هەوڵ بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەستیپێکرد، بەڵام تێپەڕبوونی کات بەسەر کەوتنەوەی ئاگرەکە و تەشەنەکردنی بەهۆی خێرایی باوە وایکردووە هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکرێت.
هەر لە دێرسم، لە دۆڵی مونزووریش رۆژی یەکشەممە ئاگرێکی دیکە کەوتەوە.
هەمان رۆژ لە پارێزگای چەولیگ لە دارستانەکانی گوندی "چیکان" و "ساریتۆسوون" سەربە شارۆچکەی "خۆرخۆل" ئاگرکەوتەوە.
دوای ئەوەی خەڵکی ناوچەکە لایەنی پەیوەندیداریان ئاگادارکردەوە، دوو ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن، دوو ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و 20 کارمەند رەوانەی ناوچەکە کران و هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بەردەوامن.
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پارێزگای چەولیگ داوای هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوەی کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
لە پارێزگای شرناخیش بەیانی رۆژی یەکشەممە 29ی ئاب لە دارستانەکانی گوندی "قورتاخانێ" لە ناوچەی بەستا ئاگرکەوتەوە، بەڵام بەهۆکاری ئەمنی رێگە نادرێ کەس بچێتە شوێنی رووداوەکە و هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بدات.
هەر لە ناوچەی بەستای پارێزگای شڕناخ پێنج رۆژ بەرلە ئێستا لە دارستانەکانی گوندی "مێهرینا" و دوای ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا دژی گەریلاکانی پەکەکە ئاگرکەوتەوە.
لە پارێزگای رووها لە دارستانەکانی گوندی "بازوور" سەر بە شارۆچکەی "خەلفەتی"، بەیانی رۆژی یەکشەممە 29ی ئاب بە هۆکارێکی نادیار ئاگر کەوتەوە. بەهۆی ئاگرەکەوە کە چەند کاژێرێک بەردەوام بوو ژمارەیەک دارفستق و داربەڕوو سووتان و بە هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و خەڵکی گوند دوای چەند کاژێرێک ئاگرەکەکە کۆنتڕۆڵکرا.