بەڕێوەبەری پۆلیسی بازیان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی بازیان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر دەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
رۆژی سێشەممە 30-07-2024 دوو سەرچاوەی ئاگادار بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوەکانیان، بە رووداویان راگەیاند، موقەدەم هەردی ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی بازیان لەسەر دۆسیەیەکی یاسایی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
بە گوتەی ئەو دوو سەرچاوەیە، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی بازیان پێشتر لەلایەن ئاسایشەوە بانگهێشتی بۆ چووە، ئەمڕۆش لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت، بۆیە ئەمڕۆ نەچووە بۆ دەوام.
هەرچەندە پێشتر وا بڵاوکرایەوە، کە بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی بازیان لەلایەن کۆماندۆوە دەستگیر کراوە، بەڵام سەرچاوەکانی رووداو ئەو زانیارییەیان رەتکردەوە.
سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە قەزای بازیان بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی بازیان نەچووە بۆ دەوام، پەیوەندیی پێوە کراوە، ژمارەکانی داخراون. پۆلیسی سلێمانییش رایگەیاند، هیچ زانیارییەکیان لەبارەی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی بازیان نییە.
بەپێی گوتەی سەرچاوەکانی رووداو بێت، "لەسەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بە فەرمانی دادوەر، ئاسایشی سلێمانی دەستگیریان کردووە."