ئاگر لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی کرماشان کەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە سێ شوێنی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاگر لە دارستانەکان، لەوەڕگە و زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوتەوە، لە دوو شوێن ئاگرەکە کونتڕۆڵکراوە، لە شوێنێکیش ئاگرەکە بەردەوامە.
 
رۆژی دووشەممە، 29ی تەمووزی 2024، ئاگرێکی گەورە لە دارستان و لەوەڕگەکانی شاخی ماکوان کە دەکەوێتە ناحیەی باینگان و نێوان شارەکانی پاوە و جوانرۆ کەوتەوە.
 
ئەنجوومەنی ژینگەدۆستانی باینگان رایگەیاند، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانیان، ژمارەیەک لە ژینگەپارێزان، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و سەرچاوە سرووشتییەکان و بە هاوکاری خەڵکی خۆجێی ناوچەکە کوژێندرایەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، لە رۆژی دووشەممەوە ئاگر لە دارستانەکانی سنووری شاری گیەڵانی کرماشان کەوتووەتەوە و تائێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.
 
هەروەها لە گوندی دوو کۆشکانی سەر بە ناوچەی ماهیدەشتی کرماشان ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوتەوە و دواتر بە هاوکاری تیمەکانی ژینگەپارێز، ئاگرکوژینەوە و خەڵکی گوندەکە کوژیندرایەوە. بەپێی زانیارییەکان، رووبەرێکی فراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکان سووتاون.
 
ئەم ساڵ تائێستا چەندین جار ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگای کرماشان کەوتووەتەوە.