لە 13 تریلیۆن تمەن پارەی جووتیارانی سنە تەنیا 291 ملیاریان بۆ خەرجکراوە

رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری کۆمپانیای بازرگانیی حکومی لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، دەستیان بە پێدانی پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە کردووە و لە قۆناخی یەکەمدا 291 ملیار و 400 ملیۆن تمەنیان بۆ جووتیاران خەرجکردووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 30ی تەممووزی 2024، جەمال ساڵحی، نوێنەری کۆمپانیای بازرگانی حکومی لە پارێزگای سنە رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی دروێنەی ئەم ساڵەوە تائێستا زیاتر لە 746 هەزار تۆن گەنم بە بەهای زیاتر لە 13 تریلیۆن تمەن لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە.
 
جەمال ساڵحی گوتی، دەستیان بە پێدانی پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە کردووە و لە قۆناخی یەکەمیشدا 291 ملیار و 400 ملیۆن تمەنیان داوەتە جووتیاران.
 
بە گوتەی جەمال ساڵحی ئەم ساڵ زیاترین بڕی گەنمی وەرگیراو لە جووتیاران لە شاری بیجار بووە، کە 183 هەزار تۆن بووە و لە شارەکانی قوروە 140 هەزار تۆن، سەقز 135 هەزار تۆن، دێگوڵان 132 هەزار تۆن، دیواندەرە 87 هەزار تۆن، کامێران 41 هەزار تۆن، سنە 13 هەزار تۆن، بانە 47 هەزار تۆن، مەریوان 42 هەزار تۆن ە لە سەوڵاوا زیاتر لە هەزار و 300 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
 
لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان 84 ناوەند بو وەرگرتنی گەنمی جووتیاران هەن و بڕیارە سێ ناوەندی دیکەش بکرێنەوە.
 
نوێنەری کۆمپانیای بازرگانی حکومی لە پارێزگای سنە دەڵێت، تائێستا 147 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگای سنەوە بۆ 11 پارێزگای دیکەی ئێران نێردراوە.
 
بەپێی پێشبینییەکانی کشتۆکاڵی پارێزگای سنە، ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم لەو پارێزگایە دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن. هەروەها پێشبینیکراوە لەو بڕە یەک ملیۆن و 200 هەزار تۆن لەلایەن حکومەتەوە وەربگیرێت.