پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا: ئەمین عیسا لەژێر ئەشكەنجەی پەیەدەدا شەهید كراوە

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا رایدەگەیێنێت، ئەمین عیسا ئەمین عەلی لەژێر ئەشكەنجەیەكی زۆردا گیانی لەدەستداوە و پەیەدە بە ئەنجامدانی تاوانەكە تۆمەتبار دەكات.
 
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا بۆ رای گشتی بڵاویکردووەتەوە، "چەكدارانی پەیەدە تاوانێكی قێزەونیان دژی هەڤاڵ ئەمین عیسا ئەمین عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی لقی ئەنجامداوە، كە لەژێر ئەشكەنجەیەكی زۆر سەختدا لەنێو گرتووخانەكانیاندا شەهیدكرا. بەگوێرەی راپۆرتی توێكاریی پزیشكانی سەربەخۆ و بێلایەن، لە تەرمی شەهیدەكەدا شوێنەواری ئەشكەنجەی دڕندانە دەبیندرێت كە پەڵەیەكی رەشە لە نێوچەوانیان، ئەمە جگە لە بوونی شوێنەواری شكان لە چەند شوێنێكی جەستەی و بوونی شوێنەواری گورزی بەهێز لەسەر هەردوو چۆك و ملی بە بەكارهێنانی كەرەستەی قورس و سووتاندنی بەشێكی دیكەی پشت ملی تاوەکو دەگاتە كەللـەی سەری بە ئوتو. هەروەها سووتاندنی بەشێكی زۆری لە خوارەوەی بڕبڕەی پشتی تاوەکو دەگاتە سەر شانەكانی بە زەیتی گەرم. ئەم جۆرە رەفتار و كردەوە دڕندانە تەنیا تاوانكاران و خراپەكان دەیكەن".
 
وەكو لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە، "بۆ وەبیرهێنانەوەش، شەهیدی ستەملێكراو رۆژی 22ی ئایاری 2021 لەلایەن چەكدارانی پارتی یەكێتیی دیموكراتی (پەیەدە) داواكرابوو، دواتر لەلایەن مەفرەزەكانیانەوە دەستگیركرا و راپێچی گرتووخانەكانی بەناو داواكاریی سەربازیی سەر بە پەیەدە كرا كە پاشان هەر لەو گرتووخانەیەدا شەهیدكرا".
 
پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا دەڵێت، "ئەنجامدانی ئەم تاوانە قێزەون و دڕندانە لەکاتێکدایە، هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بەگشتی و ئەمریكییەكان بەتایبەتی بەردەوامن بۆئەوەی دانوستاندنەكان دەستپێبكەنەوە بۆ بەدیكردنی یەكڕیزیی نێو ماڵی كورد و درێژەدان بە دانوستاندنەكانی نێوان ئەنەكەسە و پارتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كورد (پەیەنەكە) كە ئەمەش پەیامێكی خراپ و نەرێنییە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە بۆ تێكدانی رەوشەكە".
 
لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكەدا هاتووە "ئێمە لە لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا سەركۆنەی تووندی ئەم كردەوە دڕندانە و ترسنۆكانە دەكەین. ئەوە تاوانێكی ناشیرین و رەتكراوەیە. داوا لە ئەمریكا دەكەین كە سەرپەرشتیاری و گەرەنتیكاری دانوستاندنەكانە، ئەم بەرپرسیارێتییە بخاتە سەرشانی بۆ پاراستنی یەكڕیزی و رێزگرتن لە پابەندییەكانی، هەموو هەڵوێستێكی كرداری بگرێتەبەر بۆ بەرگرتن لەم تاوانە قێزەونە. هاوكات داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافەكانی مرۆڤ دەكەین دەستوەردان بكەن و بێنە سەر هێڵ و لێكۆڵینەوە ئەنجامبدەن بۆ ئاشكراكردنی چۆنێتیی ئەنجامدانی تاوانەكە و ئاشكراكردنی ئەنجامەكانی و سزادانی بەرپرسەكانی ئەم تاوانە ترسنۆكانە و رادەستكردنیان بۆ دادگە و سزادانیان، چونكە ئەم تاوانە پێشینەیەكی مەترسیدار و پێشێلكارییەكی زەقە دژی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان و بنەماكانی مرۆڤایەتی".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، نووسینگەی كاروباری دادوەری و چاكسازیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا روونكردنەوەیەكی لەبارەی گیانلەدەستدانی كەسێك بەناوی "ئەمین عیسا عەلی" داوە، وەكو لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، ئەو کەسە لە 22ی ئایارەوە بە تۆمەتی پێدانی بەرتیل لە چاكسازیی غوێران لە حەسەكە بەندكرابوو.