وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی حەوت گەریلای لە گارە راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی حەوت گەریلای لە هێرشێکی ئاسمانیدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ میت لە چیای گارە لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەکەی، کە لە هەژماری تویتەردا بڵاویکردووەتەوە، تێیدا هاتووە "لە هێرشێکی ئاسمانیدا کە بە هاوئاهەنگیی نێوان سوپای تورکیا و دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانی"ی وڵات ئەنجامدرا، حەوت گەریلای پەکەکە لە چیای گارە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدا.
 
تاوەکو ئێستا ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنییەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە هیچ روونکردنەوەیەکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
 
هەپەگە رۆژی سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2021، کوژرانی سێ سەربازی سوپای تورکیای لە ناوچەی مەتین لە خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی هەپەگە، لە ماوەی دوو مانگی شەڕ و پێکداداندا 389 سەربازی تورکیا کوژراون، 47 سەربازی دیکە برینداربوون و 54 گەریلاش گیانیان لەدەستداوە.
 
لە بەرامبەردا، بەپێی راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا 293 گەریلا و 16 سەربازی تورکیا کوژراون.