بەرپرسێکی باڵای یەکگرتوو: لیستە نوێیەکان دەنگی ئێمە نابەن
رووداو دیجیتاڵ
لایەنە سیاسییەکان چاوەڕوانی پەیوەندیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانن بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن. کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت: سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی وادەکانی هەڵبژاردن راوێژی بەلایەنەکان کردووە. دەشلێت: "ئەو لیستە نوێیانەی دروست بوون دەنگی یەکگرتوو نابەن."
خەلیل ئیبراهیم، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێش دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن پەیوەندی دەکەن و راوێژمان پێدەکەن و گفتوگۆ دەکەین، بەنیازن پەیوەندی بە لایەنە سیاسییەکانەوە بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا پەیوەندییان نەکردووە."
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە، رۆژی 5ی ئەیلوولی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
خەلیل ئیبراهیم رایگەیاند: "نیگەرانین لە دواخستنی هەڵبژاردن و نەریتێکی خراپە، وەکو یەکگرتوو دەمانەوێ بە زووترین کات کە لە رووی تەکنیکییەوە بۆ کۆمیسیۆن گونجاوە بکرێت."
رۆژی 07-07-2024 تەمەنی کاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتایی دەهات، بەڵام 22-05-2024 پەرلەمانی عێراق درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی تاوەکو 06-01-2025 پەسند کرد. ئەو کارگێڕەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی ئاماژەی بەوەکرد: "ئەمساڵ دەبێت هەڵبژاردن بکرێت، هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە و ئەگەر لەوە زیاتر دوابخرێت زۆر خراپ دەبێت؛ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن بۆ ئەوەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات."
لەبارەی دۆخی حیزبەکەیەوە خەلیل ئیبراهیم دەڵێت: "متمانەی زۆرمان بە خۆمان هەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، چۆن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ژمارەی کورسییەکانمان دوو هێند کرد دەمانەوێ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کورسییەکانمان دوو هێندە بکەین."
خەلیل ئیبراهیم، دەشڵێت: "یەکگرتوو جەماوەر و دەنگی خۆی هەیە و ئەو لیستە نوێیانەی دروست بوون دەنگی ئێمە نابەن، ئەو لیستە نوێیانە لە چ حزبێکەوە دروست بوون زیاتر دەنگی ئەوان دەبەن."
کارگێڕەکەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی جەختیکردەوە: "دۆخی یەکگرتوو جێگیرە، لە دهۆک چوار کورسی مسۆگەرمان هەیە و هەوڵی چوار کورسی زیاتر دەدەین، هەوڵدەدەین لە هەولێر دۆخمان باش بکەین و لە سلێمانی کێبڕکێکە تووندترە هەوڵدەدەین دەوروبەری چوار کورسی بەدەستبهێنین."
سەبارەت بە پلانی یەکگرتوو بۆ دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت، خەلیل ئیبراهیم گوتی: "لە دوای ئەم هەڵبژاردنە نەخشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت، ئێمە لە حکومەتی داهاتوو بەشدار نابین و لەبەرەی خەڵک دەمێنینەوە و ئۆپۆزیسیۆنین."
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەردەوامە لە رێکارەکانی، لەوانەش تۆماری بایۆمەتری بۆ لەدایکبووانی 2006 و ئەوانەی بایۆمەتریان نەکردووە، هەروەها وەرگرتنەوەی پەنجەمۆری ئەوانەی کێشەی پەنجەمۆریان هەیە. 2ـی مانگی داهاتوو دواین دوادەیە بۆ دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری دەنگدان.