کەشناسی: دوای نیوەڕۆ هەورەتریشقە و بارانە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بارانی پچڕپچڕ دەستپێدەکات و دوانیوەڕۆی سبەی چوارشەممە ئاستی دابارین زیاتر دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی بەشی کەشوهەوای سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە، 30-04-2024، ئاسمان هەور و نیمچە هەوردەبێت لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵ و زیادبوونى خێرایی با.
لەکاتەکانی دواى نیوەرۆ شەپۆلێکى هەورە تریشقە و بارانبارینى پچڕپچڕ لەسەرجەم ناوچە جیاجیاکان دەبارێت، لەشەودا کاریگەرى بارانبارینەکە کۆتایی دێت.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، گۆڕانکاری لە جۆر و کاتی دابارین و کەشەکە دەکرێت، بڕی بارانبارینی پێشبینیکراو لە نێوان 5 بۆ 10 ملیم و خێرایی با 15 بۆ 25 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی چوارشەممە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ زیادبوونى خێرایی با، ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆز و خۆڵ لەسەر بەشێک لە ناوچەکانى باشوورى پارێزگاى هەولێر، بەشێک لە ئیدارەى گەرمیان و پارێزگاى کەرکووک هەیە.
لە ئەنجامى ئەو ناسەقامگیریەى هەیە لەدواى نیوەڕۆ بارانبارین دەستپێدەکاتەوە لەگەڵ شەپۆلێکى هەورەتریشقە و ئاستى دابارین لەسەر بەشێک لە پارێزگاکانى سلێمانى و ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت.
بڕى بارانى پێشبینیکراو لە سنوورى پارێزگاکان:
ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و ناوچە شاخاوییەکان: 7-10 ملم
سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى: 6-10 ملم
ئیدارەى سەربەخۆى راپەرین: 8-10 ملم
ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان: 8-10ملم
سەنتەرى پارێزگاى دهۆک: 2-5 ملم
ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ: 2-5 ملم
لەبارەی پلەی گەرما وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، سبەی 3-5 پلە نزم دەبێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: °25
سلێمانی: °24
دهۆک: °25
زاخۆ: °25
هەڵەبجە: °25
کەرکووک: °27
سۆران: °23
حاجی ئۆمەران: °15
گەرمیان: °29
پێشبینی دەکرێت ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی "بەهێزی باران" هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 29ـی نیسان، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوتبوو، لە ئێوارەی چوارشەممەوە کاریگەریی ئەو شەپۆلە دەردەکەوێت، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی هەڵەبجە، کەرکووک، بەشێکی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان.
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، پێشبینی دەکرێت ئاستی باران لە نێوان 50 بۆ 100 ملم بێت و بەهۆیەوە لە زۆر شوێن "ئاو کۆدەبێتەوە"، هەر بۆیە راپۆرتیان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کردووە، تاوەکو لە ئەگەری دروستبوونی لافاو، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
دیلان رەشاد دەڵێت: "کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینە تاوەکو دووشەممەی داهاتوو دەمێنێتەوە."