وەزارەتی پەروەردە: چەندین باند دەستگیرکراون کە قوتابییانیان فریوداوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی چەندین باندی راگەیاند کە "قوتابییان فریو دەدەن بە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ گزیکردن."
رۆژی یەکشەممە 30-04-2023، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، لەسەر سکاڵای یاسایی وەزارەتی پەروەردە، چەندین باندی فریودەریان دەستگیرکردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قوتابییان و خوێندکاران فریو دەدەن بە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ گزیکردن (غەش)."
وەک ئەو وەزارەتە دەڵێت: "بەمەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری، سکاڵاکار دەبین لەسەر هەر کەس و باندێک کە بانگەشەی نایاسایی لەبارەی تاقیکردنەوەکان بکات و رووبەڕووی دادگەکانیان دەکەینەوە."
دوێنێ تاقیکردنەوەی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی دەستیپێکرد کە 123 هەزار و 993 خوێندکار بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکان کردبوو بەگوێرەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیش بەشداریی قوتابییان بەمشێوەیە بوو؛ هەولێر، 38 هەزار و 284، سلێمانی 27 هەزار و 370، دهۆک 29 هەزار و 544، هەڵەبجە هەزار و 804، گەرمیان شەش هەزار و 101، سۆران شەش هەزار و 977، راپەرین شەش هەزار و 509 و زاخۆ حەوت هەزار و 404 خوێندکار بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکان کردبوو.