بەشێک لە دانیشتووانی بالیسان: تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت رێگە ناکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی بالیسان بە بەرد و دار رێگەیان داخست کە لە چوار رۆژی رابردوودا بارهەڵگرەکان وەک جێگرەوەی رێگەکانی سماقووڵی و کۆیە و کەرکووک و سکتان بەکاریان دەهێنا. ئەوان ناڕازین لە خراپی رێگەی شارۆچکەکەیان.
خدر قادر، هاونیشتیمانییەکی بالیسانە و گوتی: لە جیاتی چاککردنی رێگەکە سەرتاپای رێگەکەیان هەڵکەندووە، بەڵام ئێستا دەڵێن، بودجە نییە، بۆ بودجە بۆ ئەوان هەیە، بەڵام بۆ ئێمە نییە، هیچ نەماوە بەرامبەر ئەو ناوچەیە نەیکەن بە راستی لەجیاتی پاداشت سزامان دەدەن.
ئەبوبەکر عومەر، هاونیشتیمانییەکی دیکەی بالیسانە و گوتی: تەنیا بەڵێنی درۆمان پێ دەدەن، ئاخر ئەو رێگەیە بۆ بکەینەوە، ئۆتۆمبێلێک بەکرێ ئیش دەکات 10 هەزار ئیش ناکات، دەبێت 30 بۆ 40 هەزار دینار بدات بە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی.
بە چەند خولەکێک رێگەگرتن ریزی ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکان درێژبوو و خەڵکی بالیسان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی رێگەکە نەکەنەوە.
شەهاب محەممەد، شۆفێری بارهەڵگرێکە و دەڵێت: لە سلێمانییەوە دەمەوێت بچم بۆ زاخۆ، بەڵام رێگە نییە چی بکەم؟
عەلی رسووڵ، شۆفێری بارهەڵگرێکە و دەڵێت: لە قەڵادزێوە بارم بارکردووە بۆ هەولێر، ئێستا رێگەی گەڕانەوەم نییە بچمەوە بۆ ماڵەوە لە قەلادزێ، نازانم بەکوێدا بڕۆم، چۆن بڕۆم و چۆن بێمەوە.
ساڵ و نیوێک بەر لەئێستا بەهەمان شێوەی ئێستا خەڵکی بالیسان بەئامانجی گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ سنوورەکەیان نۆ رۆژ رێگەیان داخست و دوای وەرگرتنی بەڵێنی چاککردنی رێگەکەیان کۆتاییان بە خۆپێشاندان هێنا، بۆ ئەمجارەیان دەڵێن، لەجیاتی بەڵێن کردارمان دەوێت.